ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: ئێران بەشی بەرهەمهێنانی چەند بۆمبێکی ئەتۆمی یۆرانیۆمی هەیە

08-05-2024
لهۆن نەسرەدین
وێستگەیەکی ئەتۆمیی ئێران. وێنە: AFP/ئەرشیڤ
وێستگەیەکی ئەتۆمیی ئێران. وێنە: AFP/ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە تارانە؛ لە گیرفانی رافائێل گرۆسیدا، وەکو خۆی دەڵێت، پەیامی نیگەرانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران هەیە؛ نیگەرانییەک کە سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران هەوڵیدا لە کۆنفرانسی تەکنەلۆجیی ئەتۆمی لە ئەسفەهان، ئاوێکی ساردی بەسەردا بکات.
 
محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوشێوەی زۆر لە وڵاتانی جیهان سوورە لەسەر پەرەدان بە توانا تەکنەلۆجییەکانی، کارکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە چوارچێوەی پەیماننامەی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی، بڕیارێكی ستراتیژیی ئێرانە؛ بەڵام نابێت سنوورەکان ببەزێندرێن، ئێمە لە هەموو وڵاتێك زیاتر رێگەمان بە تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوە پێگە ئەتۆمییەکان بپشکنن."
 
بە گوتەی ئێران، لە پێنج ساڵی رابردوودا تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەرووی 22%ی پێگە ئەتۆمییەکانی پشکنیوە، کە لە مێژووی هیچ وڵاتێكدا رووی نەداوە، بەڵام رۆژئاوا گومانی لە نیازی ئێران هەیە.
 
بەهاری پار تیمێكی ئاژانسی ئەتۆمی شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی سەرووی 83% لە بنکەی ئەتۆمیی فۆردو لە باشووری تاران دۆزییەوە.
 
رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، "ئاستی پشکنین هێندەی پێویست نییە. رێککەوتنی پشکنینمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام ئەوان بەربەست دروست دەکەن. ئاداری 2023 شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەیەکی بەرز لە بنکەیەکی ئێران دۆزرایەوە. ئەوان ئێستا هێندە یۆرانیۆمیان هەیە کە بتوانن چەند کڵاوەیەکی ئەتۆمی دروست بکەن."
 
پرووشکی شەڕی غەززە بەر ئێران کەوتن و لە ئاڵوگۆڕێكی مووشەکی و درۆنیی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەگەری فراوانبوونی شەڕ و پەرەدان بە چەکە ئەتۆمییەکان زیاتر بوون.
 
بەهرۆز، هاووڵاتیی ئێرانی دەڵێت، "بەگشتی ئێمە خوازیاری جەنگ نین. نامانەوێت خەڵک بکوژرێت، هەڵکشانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەوانەیە بۆ جەنگێکی گەورەی هەرێمی سەربکێشێت و دووریش نییە تێیدا چەکی وێرانکەر بەکاربێت."
 
هەرچەندە ئێران هەمیشە خاوەندارێتیی چەکی ئەتۆمی بە دژە بنەمای فەلسەفە ئیسلامییەکەی پێناسە کردووە؛ بەڵام چڕتربوونی شەڕی غەززە دەرگاکان بەڕووی هەموو ئەگەرێک دەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە