رووداو دیجیتاڵ
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی کوشتنی موحسین فەخریزادە، ناسراو بە "باوکی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران" پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کرد بەدواداچوون و سزادانی بکەرانی کردەوەکە بخەنە پێشینەی کارەکانیان.
رۆژی هەینی 27-11-2020 وەزارەتی بەرگریی ئێران کوشتنی موحسین فەخریزادە لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند لە تاران راگەیاند. دوای رووداوەکەش حوسێن دهقان، راوێژکاری باڵای سەربازیی خامنەیی ئیسرائیلی بە کوشتنی فەخریزادە تۆمەتبار کرد.
لە راگەیێندراوێکدا ناوەندی راگەیاندنی نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەناوی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات شوێنی فەخریزادە لەلایەنی زانستییەوە پڕبکرێتەوە و بەردەوامی بە کارەکانی ئەو بدەن. هەروەها وێڕای سەرەخۆشیکردن لە بنەماڵەی زانا ئەتۆمییەکە "پیرۆزبایی شەهیدبوون"یشیان لێدەکات.
دوای کوشتنی فەخریزادە بەشێک لە بەرپرسەکانی ئێران ئیسرائیلیان تۆمەتبارکرد بە کوشتنی زانا ئەتۆمییەکە، رۆژێک دوای رووداوەکە حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، لەکاتی گونجاودا وەڵامیان بۆ ئەو "تاوانانە" دەبێت کە بەرامبەریان دەکرێن، هەروەها دەشڵێت، "دووژمنەکانمان دەیانەوێت ناسەقامگیری لە ناوچەکە زیاتر بکەن بەتایبەتی کاتێک دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکا بەرەو کۆتایی دەڕوات".
لەلایەکی دیکەوە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەمڕۆ تیرۆریستەکان زانایەکی بەناوبانگی ئێرانیان کوشت. ئاماژەی جیددی هەن رۆڵی ئیسرائیل لەم هێرشەدا دەردەخەن". هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "کۆتایی بە دوو هەڵوێستیی شەرمەزارکەریان بهێنن و ئەم تیرۆرە سەرکۆنە بکەن".
فەخریزادە بە "سندووقی رەشی" دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دانراوە و ئەندامێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران بووە. فەخریزادە لە ساڵی 1961 لەدایک بووە و پرۆفیسۆری زانستی فیزیا بووە لە زانکۆی ئیمام حوسێن لە تاران. هەندێک کەس بە "باوکی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران ناوی دەبەن".
ساڵی 2018 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناوی ئەو زانایەی ئێرانی هێنا و رایگەیاند، سیستەمی دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی بەڕێوە دەبات. ئەو زانیارییانەی نەتەنیاهوو پشتیان بەو 100 هەزار دۆکیۆمێنتە بەستبوو کە ئیسرائیل لە ئێرانەوە گواستبوویەوە.
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاند، موحسین فەخریزادە بە پلان و رێنوێنیی ئیسرائیل "تیرۆر کراوە، و تۆڵە سەندنەوەمان خستووەتە بەرنامەی کارەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ