رووداو دیجیتاڵ
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران ئیسرائیلی بە کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانا ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی تۆمەتبارکرد و راشیگەیاند، لەکاتی گونجاودا وەڵامیان بۆ ئەو "تاوانانە" دەبێت کە بەرامبەریان دەکرێن.
سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا باسی لە کوشتنی موحسین فەخریزادە و هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەی کرد.
حەسەن رووحانی ئاماژەی بەوە کرد، دووژمنەکانمان دەیانەوێت ناسەقامگیری لە ناوچەکە زیاتر بکەن بەتایبەتی کاتێک دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکا بەرەو کۆتایی دەڕوات.
پێشتر حەسەن رووحانی، سەرۆکی ئێران لە راگەیێنراوێکدا ئیسرائیلی بە کوشتنی، موحسین فەخری زادە، زانا ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی و کارکردن وەک بە "کرێگیراو"ی "لووتبەرزەکەی جیهان" تۆمەتبارکرد کە ئەوەش دەستەواژەیەکە بەرپرسانی ئێران بۆ ئاماژەکردن بە ئەمریکا بەکاریدەهێنن.
رووحانی راشیگەیاند، کوشتنی فەخریزادە نابێتە ئاستەنگ لە بەردەم بەرەوپێشچوونە زانستییەکانی وڵاتەکەی بەڵکو وادەکات "ئێران زیاتر لەسەر ئەو بەرەوپێشچوونانە پێداگیربێت".
رووحانی کوشتنی موحسین فەخریزادە وەک "شکستی دوژمنەکانی ئێران لە ناوچەکە" دەبینێت و دەڵێت، "ئەنجامی شکستهێنانیانە لە دۆسیە سیاسییەکاندا".
موحسن فەخریزادە هەندێک بە باوکی ئەتۆمی ئێران و هەندێک بە سندووقە رەشەکەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ناویاندەبرد. کوشتنی فەخریزادە حەڵقەیەکە لە زنجیرەکانی کوژرانی زانایانی ئەتۆمی ئێران کە هەمیشە تاران پەنجەی تۆمەتەکانی ئاراستەی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات.
رووداوەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئێران هەڕەشەی "تۆڵەسەندنەوەی بەزەبری" کرد. دوای ئەو پەیامانەش، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەک کرد دانبەخۆیاندا بگرن و هیچ هەنگاوێک نەگرنەبەر کە ببێتە هۆی هەڵچوون.
فەرحان حەق، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێنراوێکیدا رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن کە لەبارەی کوشتنی زانا ئەتۆمییەکە بڵاوکراونەتەوە و "داوای دانبەخۆداگرتن دەکەین و جەخت لە پێویستیی خۆبەدوورگرتن لە هەر هەنگاوێک دەکەینەوە کە ببێتە هۆی هەڵچوونی گرژییەکان لە ناوچەکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ