رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای سەپاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی رابردوودا، کە فرۆشتنی چەک بە ئێران و چالاکیی مووشەکی بالیستی قەدەخە دەکات، سەرچاوەکانی هەواڵگریی ئەوروپا رایانگەیاندووە، چەندین کاروانی "سۆدیۆم پێرکلۆرەیت،" کە پێکهاتەی سەرەکیی سووتەمەنیی رەقی مووشەکە مەودا مامناوەندەکانی ئێرانە، لە چینەوە گەیشتوونەتە بەندەر عەباسی ئێران.
سەرچاوەکان دەڵێن، کاروانەکان کە لە 29ـی ئەیلوولەوە گەیشتوون، 2,000 تۆن سۆدیۆم پێرکلۆرەیتیان تێدایە، کە ئێران دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی لەگەڵ ئیسرائیل لە مانگی حوزەیراندا، لە دابینکەرە چینییەکان کڕیویەتی. شارەزایان پێیانوایە، کڕینەکان بەشێک بن لە هەوڵێکی بەردەوام بۆ دووبارە پڕکردنەوەی کۆگەی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سی ئێن ئێن بەدواداچوونی بۆ گەشتی چەند کەشتییەکی بارهەڵگر کردووە کە لەلایەن سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە لە گواستنەوەی سۆدیۆم پێرکلۆرەیتدا دەستنیشانکراون. زۆر لەو کەشتیانە، کە هەندێکیان لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان لەسەرە، لە کۆتایی مانگی نیسانەوە چەندینجار لەنێوان چین و ئێراندا هاتووچۆیان کردووە.
سەرچاوە ئەمنییە ئەوروپییەکان پێیانوایە سیستمێکی ناڕوون، کە کۆمپانیای ساختە لەخۆدەگرێت، بۆ بەردەوامیدان بە گەیاندنی سۆدیۆم پێرکلۆرەیت بە ئێران بەکارهێنراوە.
گەیاندنی ئەم کاروانانە دوای ئەوە دێت کە گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی میکانیزمی "سناپباک"ەوە گەڕێنرانەوە سەر ئێران. سەرەڕای ئەوەی سۆدیۆم پێرکلۆرەیت بە دیاریکراوی لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک مادەیەکی قەدەخەکراو ناوی نەهاتووە، بەڵام پێکهاتەیەکی راستەوخۆی "ئەمۆنیۆم پێکلۆرەیت"ـە، کە ئۆکسێنەرێکی قەدەخەکراوە و لە مووشەکی بالیستیدا بەکاردەهێندرێت.
جێفری لویس، بەڕێوەبەری پڕۆژەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەک لە رۆژهەڵاتی ئاسیا رایگەیاند: "ئێران ئێستا پێویستی بە سۆدیۆم پێرکلۆرەیتی زۆر زیاترە بۆ جێگرتنەوەی ئەو مووشەکانەی لە جەنگدا بەکاریهێنان و بۆ زیادکردنی بەرهەمیش. پێشبینیی کاروانی گەورە بۆ ئێران دەکەم."
ئەو گوتی، دوو هەزار تۆن سۆدیۆم پێرکلۆرەیت بەشی نزیکەی 500 مووشەک دەکات. "ئەوە زۆرە، بەڵام ئێران پێش جەنگ پلانی هەبوو مانگانە نزیکەی 200 مووشەک بەرهەم بهێنێت و ئێستا دەبێت هەموو ئەو مووشەکانە جێبگرێتەوە کە یان ئیسرائیل لەناویبردن یان خۆی بەکاریهێنان."
هەڵوێستی چین
روون نییە ئایا حکومەتی چین ئاگاداری کاروانەکانە یان نا. گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، هەرچەندە "ئاگاداری دۆخە دیاریکراوەکە نییە،" بەڵام چین "بەردەوام کۆنترۆڵی هەناردەکردنی کەرەستەی جێبەجێکردووە."
تۆنگ ژاو، توێژەر لە پرۆگرامی سیاسەتی ئەتۆمی لە دامەزراوەی کارنگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لەبەرئەوەی چین و رووسیا و ئێران رەوایەتیی یاسایی سناپباکیان رەتکردووەتەوە، رەنگە بەیجینگ پابەندی گەمارۆکان نەبێت.
ژاو گوتیشی، هەرچەندە سۆدیۆم پێرکلۆرەیت بە روونی قەدەخە نەکراوە، "بەڵام دەبێت بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵە گشتگیرەکانەوە لەسەر ئەو کەرەستانەی لە بەرهەمهێنانی مووشەکی سووتەمەنیی رەقدا بەکاردەهێندرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ