رووداو دیجیتاڵ
وادەی کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەقز ساڵێکی دیکە دواخرا. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکانی سنە رایگەیاند، ئەگەر بودجەی تەواو دابین بکرێت، فڕۆکەخانەکە هاوینی ساڵی داهاتوو دەکرێتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە، هاوینی رابردوو رێوڕەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەکە بەڕێوەچوو.
18 ساڵە بەردی بناخەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی کردنەوەی فڕۆکەخانە لە سەقز دانراوە و هێشتا 62٪ـی جێبەجێکراوە. رێکخراوی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکانی پارێزگای سنە بڕیارە لێکۆڵینەوە لە سەرپێچی و کەموکوڕییەکانی ئەو پڕۆژەیە بکات.
ئەمیر عەباس نەزەری زادە، بەڕێوەبەری ناوەندی فڕۆکەخانەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، "بەرەوپێشچوونی گشتیی پڕۆژەکە، ئەوەندەی کە بەتەواوی جێبەجێکراوە و فڕۆکە دەتوانێت لێی بنیشێتەوە، 62٪. تاوەکو ئێستاش بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی سنە 75 ملیار تمەنی تێدا خەرجکردووە، جگە لەوەش لە بەشەبودجەی پارێزگاکە بۆ گواستنەوەی رێگەی نێوان سەقز بۆ مەریوان و کڕینەوەی زەوییەکانی فڕۆکەخانەکە و دانانی ژێرخانی ئاو و کارەبا و تەلەفۆن بۆ فڕۆکەخانەکە خەرجکراوە کە تێچوویەکی زۆری بۆ پارێزگاکە هەبووە".
رۆژی شەممە بەڕێوەبەرایەتیی لێپرسینەوەی پارێزگای سنە، دوای نزیکەی 3 هەفتە لە سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ ئەو پارێزگایە و بەڵێنی بەدواداچوون بۆ ئەنجامی فڕۆکەخانەکەی سەقز، سەردانی ئەو شارەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی سەقز کۆبووەوە.
عیسا هەواسی، لێکۆڵەری گشتیی پارێزگای سنە لە سەردانەکەیدا بۆ سەقز باس لە کەموکوڕییەکانی فڕۆکەخانەکە دەکات و دەڵێت؛ لێکۆڵینەوەی زانستی و ئابووریی بۆ پڕۆژەکە نەکراوە و نەبوونی لێژایی لە رێگەی نیشتنەوەی فڕۆکەدا، یەک لە کەموکووڕییە جیددییەکانی فڕۆکەخانەکەی سەقزە.
بەرپرسانی پارێزگای سنە، دەڵێن لێکۆڵینەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکەن و هەر کێشەیەک هەبێت، دەیگەیێننەوە بە تاران. دەشڵێن ئەم پڕۆژە، بەهۆی نزیکبوونی سەقز لە دوو شاری سنووریی بانە و مەریوان، قازانجی بۆ ناوچەکە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ