ساڵی رابردوو لە عێراق 421 قاچاخچیی دراو دەستگیرکراون و 179 کیلۆ مادەى هۆشبەر دەستى بەسەردا گیراوە

01-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیی عێراق رایگەیاند، لە ساڵى 2023ـدا، 421 کەسیان بەتۆمەتى بەقاچاخبردنى دراو و یاریکردن بە بەهاى دۆلار دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر 15 ملیۆن دۆلاردا گرتووە و 689 کەسى دیکەیان بە تۆمەتى مادەى هۆشبەر دەستگیرکردووە و دەستیان گرتووە بەسەر 179 کیلۆگرام و 14 ملیۆن دەنک حەبى هۆشبەردا.  
 
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژى فەرمیی دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق ئامارى چالاکییەکانى ساڵى 2023ـی ئەو دەزگەیەى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 421 کەس بەتۆمەتى تێوەگلان لە بەقاچاخبردنى دۆلار و یاریکردن بە بەهاکەى دەستگیرکراون و  دەستیش گیراوە بەسەر 15 ملیۆن دۆلاردا، ئەوە جگە لە دەستگرتن بەسەر حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینار کە بەشێکى پارەى ساختە بوون.
 
ئەرشەد حاکم ئاماژەى بەوەدا کە لە چوارچێوەى دۆسیەى مادەى هۆشبەردا، 689 تۆمەتبارى بازرگانیکردن و دابەشکردن و گواستنەوەى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون و دەستیش گیراوە بەسەر 179 کیلۆگرام مادەى هۆشبەرى کریستاڵ، ماریوانا و حەشیش و 14 ملیۆن و 600 هەزار حەپى هۆشبەر.
 
گوتەبێژى فەرمى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق گوتیشى، "دەستگیراوە بەسەر 1470 شەتڵى رووەکى داتۆراى هۆشبەر و دوو هەوڵى چاندنى مادەى هۆشبەر پووچەڵ کراونەتەوە لە شوقەیەک و خانوویەکدا لە بەغدا چەند کەسێکیان لەو دوو شوێنە دەستگیرکردووە کە تۆوى ئەو رووەکە هۆشبەرەیان پێبووە."
 
دەزگەى ئاسایشى نیشتیمانیی عێراق لە ساڵى 2021 دامەزراوە، راستەوخۆ سەر بە فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانە، ئەرکى بەدواداچوونى ئەو پرسانەیە کە زیان بە ئاسایشى نیشتیمانى دەگەیێنن.
 
گوتەبێژى فەرمى دەزگەى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق راگەیاند، "هێزەکانیان توانیویانە 397  تۆمەتبارى تیرۆر دەستگیربکەن و  130 کەسی دیکەیان بەتۆمەتى بانگەشەکردن بۆ حزبى بەعس دەستگیرکردووە و هەندێکیان بە پێنج ساڵ بەندکردن سزدا دراون." 
 
بە گوتەی ئەرشەد حاکم، هێزەکانیان لەسەر بنەماى سکاڵاى هاووڵاتییان 1340 کەسیان دەستگیرکردووە کە خۆیان وەک بەرپرسى حکومى و پلەى تایبەت ناساندووە و فێڵیان لە هاووڵاتییان کردووە بەوەى دایان دەمەزرێنن بەمەبەستى دەستکەوتنى پارە."
بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران، کەسانى نزیکى سەرۆکوەزیران، بریکارانى وەزارەت و راوێژکارانى پەرلەمان، ئەو پۆستانە بوون کە دەستگیرکراوەکان خۆیان پێی ناساندووە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە