رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ساڵی 2025دا 86%ـی ئەو سکاڵایانەی رەتکردوونەتەوە کە ژمارەیان 180 سکاڵا بووە. ژمارەی سکاڵاکان بەراورد بە ساڵی 2024 لە دادگەی فیدراڵی 35% کەمیان کردووە.
دادگەی فیدراڵی لە ساڵی 2025دا 180 دانیشتنی لەبارەی ئەو سکاڵایانەوە کردووە پێشکێشی کراون و 156 سکاڵایانی بە پاساوی جیاجیا رەتکردووەتەوە، بەو پێیە 86.6%ـی سکاڵاکانی رەتکردوونەتەوە.
لە ساڵی 2025دا دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق 6 بڕیاری بە ئاراستەی پەسندکردنی سکاڵاکان بووە کە بڕیاری نادەستووریبوونی لەبارەیانەوە داوە، ئەوەش 3.3%ـی تەواوی سکاڵاکان بوون.
ئازاد دۆسکی، پارێزەر و یاساناس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆرینەی ئەو سکاڵایانەی لە 2025 رەتکرانەوە، بە پاساوی ئەوە بووە کە لە پسپۆڕی و تایبەتمەندیی دادگەکەدا نەبووە."
لە ساڵی 2025دا 18 سکاڵا لەلایەن سکاڵاکارانەوە پووچەڵ کراونەتەوە و تاوتوێ نەکراون، کە 10%ـی تێکڕای سکاڵاکان بوون.
ئازاد دۆسکی رایگەیاند، بەشێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی سکاڵاکان لە دادگەی باڵای فیدراڵی، پەیوەندیدارە بە گۆڕینی سەرۆکی دادگەکەوە.
لە 29ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیاری دا بە خانەنشینکردنی دادوەر جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی پێشووی دادگەی باڵای فیدراڵی بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە. دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆکی دادگای تەمیزی فیدراڵی وەک شوێنگرەوەی بەربژێرکرا و دوو رۆژ دواتر بە فەرمی دەستبەکار بوو.
بەراورد بە ساڵی 2024، ئەو سکاڵایانەی لەلایەن دادگەوە تاوتوێ کراون نزیکەی 35% کەمتر بوون.
لە ساڵی 2024دا دادگەکە 239 سکاڵای تاوتوێ کردووە کە 190 سکاڵای رەتکردوونەتەوە. سکاڵا رەتکراوەکان 79.4%ـی تێکڕای سکاڵاکانیان پێکهێناوە. هەروەها لەو ساڵەدا دادگە 22 بڕیاری لە بەرژەوەندیی سکاڵاکاران دەرکردووە کە 9.2%ـی تێکڕای سکاڵاکان بووە و 28 سکاڵاش پووچەڵ کراونەتەوە کە 11.7%ـی سکاڵاکانیان پێکهێناوە.
دادگەی باڵای فیدراڵی لە یەکی ئەیلوولی 2025ـەوە پەیڕەوی ناوخۆی هەموار کردووەتەوە کە ئەوەش بە هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی سکاڵاکان و زۆربوونی رەتکردنەوەکان دادەنرێ، بەوپێیەی پەیڕەوی نوێ لە 53 مادەوە کراوەتە 24 مادە و هەندێک لەو بوارانەی لابراون کە پێشتر دەکرا لەبارەیانەوە سکاڵا لەو دادگەیە تۆمار بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ