عێراق لە رێگەی دەروازەی رەبیعەوە نەوت هەناردەی سووریا دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە رێگەی دەروازەی سنووریی رەبیعە لە پارێزگای نەینەواوە راگەیاند و لە یەکەم هەنگاویشدا 70 تانکەری نەوتهەڵگر بەرەو خاکی سووریا بەڕێکەوتوون.
 
رۆژی هەینی، 1ـی ئایاری 2026، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی دەروازەی رەبیعەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و یەکەم بڕی هەناردەکردنەکەش لە 70 تانکەری هەڵگری نەوتی خاو پێکهاتووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە "بۆ هەمەجۆرکردنی دەروازەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەرەپێدانی تواناکانی هەناردەکردن."
 
دەستەکە دەڵێ: "پڕۆسەکە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان و بەپێی رێکاری رێکخستنی و ئەمنی ورد بەڕێوەدەچێ."
 
عومەر وائیلی ئاماژەی بەوە کرد، چالاککردنی دەروازەی رەبیعە وەک "رێڕەوێکی ستراتیژی" بۆ هەناردەکردنی نەوت، دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی گوشار لەسەر دەروازەکانی دیکە و زیادکردنی داهاتی نیشتمانی؛ گوتیشی: "کارەکان بەردەوامن بۆ زیادکردنی توانای دەروازەکە و پەرەپێدانی ژێرخان و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان، تاوەکو لەگەڵ ئەو گەشەسەندنە بازرگانییەدا بگونجێت کە چاوەڕوان دەکرێ لە قۆناخی داهاتوودا رووبدات."
 
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان رایگەیاندووە، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی وشکانییەوە "بژاردەیەکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە رەنگە رووبەڕووی رێڕەوەکانی دیکەی هەناردەکردن ببنەوە."
 
رۆژی 31ی ئاداری ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار عێراق هەناردەی نەوتی رەشی لە رێگەی تانکەرەوە بەرەو سووریا دەستپێکرد و نەوتەکە لە رێگەی دەروازەی قائیمەوە هەناردە کرا.
 
19ی نیسان، باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مانگانە نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رەش لە رێگەی تەنکەرەوە هەناردەی بەندەری بانیاس دەکەن لە سووریا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە