عەلی زەیدی و تۆم باراک قسەیان کرد؛ "پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا بەهێز دەکەین"

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەڵێت، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پێوە کردووە و پیرۆزبایی لێ کردووە.
 
پێنجشەممە 30ی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی، لە نووسینێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاندووە کە تۆم باراک بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوە کردووە و پیرۆزبایی لێکردووە بۆ بوونی بە راسپێردراوی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
 
بەگوێرەی نووسینەکە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسیان لە رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا و هاوکاری لە بوارە جیاوازەکان کردووە "بە شێوەیەک کە رۆڵ ببینێت لە توندکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات".
 
عەلی فالح زەیدی، لە 26ی نیسان وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێدرا.
 
لە 29ی نیساندا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە هەوڵەکانی "بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت خواستەکانی سەرجەم عێراقییەکان بهێنێتە دی".
 
لە لایەکی دیکە، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی کرد و بە فەرمی بانگهێشتی واشنتنی کرد؛ هاوکات ترەمپ دەستپێکی "وەرزێکی نوێی مەزن"ی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات راگەیاند.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە