گواستنەوەى عێراق بۆ رووداو: حاجییانى هەرێمى کوردستانیش دەتوانن بە فڕۆکە گەشت بکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گەشتی حاجییان لە عێراقەوە بە فڕۆکە دەستیپێکرد، کە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و رۆژانە لە چوار گەشتەوە دەستپێدەکات و دەگاتە حەوت گەشت.
 
رۆژی هەینی، 1ـی ئایاری 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق گەشتی حاجیانی بۆ سعودیە لە رێگەی ئاسمانییەوە دەستپێکردووە، کە بەگوێرەی هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی حەجی عێراق دەبێت.
 
یەکەم گەشتی حاجییان بە فڕۆکە بەیانیی ئەمڕۆ هەینى لە فڕۆکەخانەی بەسرەوە بۆ فڕۆکەخانەی محەممەد بن عەبدولعەزیز لە سعودیە دەستیپێکرد.
 
مەیسەم سافی رایگەیاند گەشتەکان فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە، نەجەف، هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە، بەوپێیەش حاجییانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن بە فڕۆکە گەشت بکەن.
 
5120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە دەتوانن بەشداری لە مەراسیمی حەج بکەن، بڕیارە  یەکەم کاروانیان لە 12ی ئەم مانگە بەڕێبکەون.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە رایگەیاند، گەشتی ئاسمانیی گواستنەوەی حاجییان لە ئەمڕۆوە تاوەکو 17ی ئایار بەردەوام دەبێت، سەرەتا رۆژانە لە چوار گەشتەوە دەستپێدەکات و دواتر دەگاتە حەوت گەشت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە