چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند دەستەیەک بۆ حکومەت پێکدەهێنێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند دەستەیەک بۆ سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەتی داهاتوو پێکدەهێنێت، بەمەبەستی راوێژ و هاوکاریکردنی سەرۆکوەزیران.
 
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری دا بۆ یەکەمجار چەند دەستەیەک بۆ هاوکاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق پێکبهێنێت، کە تایبەت دەبن بە سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەت وەک وزە، وەبەرهێنان و بنبڕکردنی گەندەڵی.
 
عەلی فالح زەیدی، لە 26ی نیسانەوە وەک بەربژێری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردراوە.
 
عەقیل ردێنی رایگەیاند، کاری ئەو دەستانە بۆ ئەوەیە کارەکانی سەرۆکوەزیران سەر بخەن و هاوکاریی بکەن، بەوپێیەی سەرۆکوەزیران لە پشکی ئەوانە، شکست و سەرکەوتنی بۆ هاوپەیمانییەکە دەگەڕێتەوە.
 
لە حکومەتی نوێی عێراق زۆربەی وەزارەتەکان بۆ شیعەکان دەبێت، عەلی فالح زەیدی 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێشکێشکردنی کابینەی حکومەتەکەی بە پەرلەمان بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدرێت.
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو دەستانە دیاری نەکراوە کە بڕیارە پێکبهێنرێن، دوای پێکهێنانی حکومەت یەکلا دەکرێنەوە و راوێژکار و کەسانی پسپۆڕی کەرتە جیاوازەکان دەبن، کە راوێژ دەدەنە سەرۆکوەزیران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە