ئەنجوومەنی راژەی عێراق: نە نێوەندگیرمان هەیە و نە رسوومات بۆ دامەزراندن وەردەگرین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی راژەی فیدڕاڵى هۆشداری دەدات لەبارەی بانگەشەکردن بۆ دامەزراندن لە بەرامبەر پارە و دەڵێت: "نە نێوەندگیرمان هەیە، نە رسوومات وەردەگرین".
 
رۆژی هەینی 1ی ئایاری 2026، ئەنجوومەنی راژەی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند: "بەم دواییە چەند پەیج و ماڵپەڕێک لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدی کردووە کە زانیاریی چەواشەکارانە و ریکلامی وەهمی بڵاودەکەنەوە، کە پەیوەندیدارن بە دامەزراندن لە بەرامبەر بڕێک پارە کە بە پاساوی درۆ لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت".
 
ئەو ئەنجوومەنە رایگەیاندووە، بە شێوەیەکی رەهایی ئەوەی لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییەکانی ئەنجوومەنی راژە باس دەکرێت، ناڕاستن.
 
ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی تایبەتە بە دامەزراندنی فەرمانبەرانی مەدەنی لە سەرانسەری عێراق و ناوی ئەو کەسانەی دادەمەزرێن لەوێوە بڵاودەکرێتەوە.
 
ئەنجوومەنەکە رایگەیاندووە: "هیچ نێوەندگیرێکمان نییە و هیچ رسووماتێکی داراییمان نییە لە بەرامبەر پێشکێشکردنی داواکاری و دامەزراندن".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە تەنیا چەواشەکاریی میدیایی نین، بەڵکو فێڵکردنێکە کە زیان بە متمانەی هاووڵاتییان بە دەوڵەت دەگەیێنێت و خواستی ئەو گەنجانە دەقۆزێتەوە کە بەدوای دەرفەتی کاردا دەگەڕێن؛ لەسەر ئەو بنەمایەش ئەنجوومەنەکەمان رێکاری یاسایی تووند لە دژی ئەوانە دەگرێتەبەر، کە بسەلمێندرێت ئەو جۆرە کارانە دەکەن".


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە