رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى عێراق روونکردنەوە لەبارەى گرتەیەکى ڤیدیۆیی دەدات، گوایە ئەفسەرێکى وەزارەتى بەرگرییە و پشتگیری لە خۆپێشاندانى لایەنگرانى رەوتى سەدر دەکات، ئەو وەزارەتە رایگەیاندووە، "ئەو ئەفسەرە خانەنشینکراوە و هەر کەسێک بە جلوبەرگى سەربازییەوە دەربکەوێت و گوزارشت لە بۆچوونێک بکات کە لە بەرژەوەندیى وڵات نییە، دەیدەینە دادگە."
رۆژی 1ى ئابى 2022، وەزارەتى بەرگریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا روونکردنەوەی دا لەبارەى گرتەیەکى ڤیدیۆییەوە، کە تێیدا کەسێک بە جلوبەرگى سەربازییەوە دەردەکەوێت، گوایە بەڕێوەبەرى هەواڵگرییە لە وەزارەتى بەرگریى عێراق و پشتگیریى خۆى بۆ ئەو خۆپێشاندانە رادەگەیێنێت، کە لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەغداى پایتەختی عێراق دەیکەن.
وەزارەتى بەرگریى عێراق ئاماژەى بەوە داوە، ئەو ئەفسەرەى لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەرکەوتووە خانەنشین کراوە و ئێستا لە وەزارەتى بەرگرى کار ناکات و بۆچوونەکانى گوزارشتن لە راى کەسیی خۆى و، نوێنەرایەتیى وەزارەتى بەرگرى ناکات.
ئیبراهیم خەفاجى ئەو کەسەیە کە لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەردەکەوێت و خۆى وەکو بەرپرسێک بە پلەى لیوا لە وەزارەتى بەرگریى عێراق دەناسێنێت، کە دانیشتووى قەزاى کوفەیە لە سنوورى پارێزگاى نەجەف، ئاماژە بەوە دەکات کە خۆی و ژمارەیەک ئەفسەرى دیکە، پاڵپشتیى ئەو "شۆڕشە" دەکەن کە موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر رێبەرایەتیی دەکات.
وەزارەتى بەرگریى عێراق ئاماژە بەوە دەکات، هەر کەسێک وەکو بەرپرسی سەربازى دەربکەوێت کە لە وەزارەتى بەرگرى کار دەکات و گوزارشت لە بۆچوونێک بکات کە لە بەرژەوەندیى وڵات نییە و واتاى راستەقینەى کارى کارمەندانى وەزارەتەکەیان دەشێوێنێت، رێوشوێنى یاسایی لە دژى دەگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ