سوودانی لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات

01-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 42 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکاندا پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە. 
 
رۆژی هەینی، 1ی ئاب، لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە، بە تایبەتی سەرۆک بارزانی دەربڕی و رایگەیاند: "یادی 42 ساڵەی شاڵاوە دڕندانەکانی ئەنفال دەکەینەوە کە تێیدا پیر، منداڵ، ژن و گەنجی ماڵباتە بارزانییە بەڕێزەکان کرانە ئامانج." 
 
سوودانی دەڵێت: "بەم بۆنەیەوە، لە دڵەوە پرسە و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی برایانی بارزانی و لە سەرووی هەموویانەوە بەڕێز مەسعود بارزانی دەکەین."
 
شاڵاوی ئەنفالی بارزانییەکان لە 31ی تەممووزی ساڵی 1983 دەستیپێکرد و تاوەکو ئابی هەمان ساڵ لە لایەن رژێمی بەعسەوە بەردەوام بوو. 
 
لەو شاڵاوەدا، هەشت هەزار پیاو و گەنجی بارزانی دەستگیرکران و بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق راگوێزران و لەوێ زیندەبەچاڵ کران.
 
سوودانی دەڵێت: "بەرهەمی ئەو خوێنە پاکانە، لەگەڵ خوێنی هەموو عێراقییەکان، رزگاربوونبوو لەو قۆناخە تاریکە و گەیشتن بوو بە ئازادی و دادپەروەری، لە سایەی سیستمە دیموکراسییەکەماندا."
 
دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق شاڵاوەکەی وەک جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساندووە و بە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی دەسەڵاتی بەعس دژی گەلی کوردستان دادەنرێت.
 
دوای جینۆسایدی بارزانییەکان، رژێمی ئەوکاتەی عێراق لە باشووری کوردستان هەڵمەتێکی فراوانتری جینۆسایدی کوردی دەستپێکرد کە بە ئەنفال ناسراوە و لە 8 قۆناخ پێکدێت.
 
لە ئەنفال و جینۆسایدکردنی گەلی کورددا، نزیکەی 190 هەزار هاونیشتمانی کۆمەڵکوژ، بێسەروشوێن و زیندە بەچاڵکران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە شارێکی عێراق. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە

باران نوێژی ملیۆنیی سەدرییەکانی راگرت

بە فەرمانی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەو نوێژە ملیۆنییەی داوای کردبوو لە پارێزگای بابل بکرێت، بەهۆی باران و سەرماوە دواخرا