لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 10 هەزار تۆمەتباری مادەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیر کراون

01-09-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکیان لە بەغدا ئەنجامداوە و دەستبەسەر 15 تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 عەقید بیلال سوبحی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە مستەفا گۆران، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدای راگەیاند، "بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بەڕێز وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەستیکرد بە ئەنجامدانی زنجیرە ئۆپەراسیۆنێک، ئەویش بە هاوئاهەنگییەکی باڵا لەگەڵ دەزگای هەواڵگری و سەندیکای دەرمانسازانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی."
 
عەقید بیلال سوبحی گوتیشی، "لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەستگیرا بەسەر 15 تۆن لەو مادانەی کاریگەرییان لەسەر مێشک هەیە؛ هەروەها پێکهاتە جیاوازە کیمیاییەکان کە لە پیشەسازی و بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکاندا بەکاردەهێندرێن؛ هەروەها دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی قەدەخەکراودا گیرا کە لە لیستی دەرمانە قاچاخ و قەدەخەکراوەکانی وەزارەتی تەندروستیدان. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دوو تۆمەتباری سەرەکی لە بەغدا دەستگیرکران و رەوانەی دادگە کران؛ بەپێی یاسای ژمارە 50ی ساڵی 2017 کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان سزا دەدرێن."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق لە رێگەی رووداوەوە داوای هاوکاری لە هاووڵاتییان کرد بۆ پێدانی زانیاری لەبارەی جموجۆڵی بازرگانانی مادەی هۆشبەر و گوتی، "دەمەوێت لە رێگەی ئێوەوە بە هاووڵاتییان رابگەیێنم، هەر کەسێک و گرووپێکتان بینی یان گومانتان لێیان هەبوو لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر یان بازرگانیکردن پێوەی، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرەوە بکەن بە ژمارە 178، بۆئەوەی ئەو چەتە و مافیانە لەنێوببەین و کۆتایی بە جموجۆڵیان بهێنین."
 
ئەو بەرپرسە ئەمنییە عێراقییە لەبارەی لەنێوبردنی مادە هۆشبەرەکان گوتی، "هەر کاتێک بڕێک مادەی هۆشبەر لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ناوخۆوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، رادەستی فەرمانگەی دادپزیشکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی دەکرێت؛ لەوێ لیژنەیەکی پسپۆڕ بۆ پشکنین و دواتر لەنێوبردنی هەیە. لە کاتی لەنێوبردنیشیدا دادوەرێکی پلە یەک ئامادە دەبێت و لەژێر چاودێریی راستەوخۆی ئەو دادوەرەدا سەرجەم ئەو مادە هۆشبەرە لەناودەبرێت."
 
لەبارەی ئاماری شەش مانگی ئەمساڵی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، عەقید بیلال گوتی، "لە شەش مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 10 هەزار تۆمەتبار بە پێی یاساکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون؛ هەروەها 3.5 تۆن لە هەموو جۆرە مادە هۆشبەرەکان دەستی بەسەرداگیراوە کە لە کاپتاگۆن، کریستاڵ، حەشیش، پێکهێنەرەکانی دیکەی مادە هۆشبەرەکان پێک دێت. ئەو ئامارانە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە، جگە لە هەرێمی کوردستان."
 
عەقید بیلال راشیگەیاند، رۆژانە ئۆپەراسیۆنیان بە هاوئاهەنگی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و بە هاوکاری دەزگا هەواڵگرییەکان هەیە و لەبارەی هاوئاهەنگییەکانیشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەمساڵ هاوئاهەنگییەکی باڵامان لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دوایین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیشمان بەسەرپەرشتیی راستەوخۆی بەڕێز عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ناوەندی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو کە تێیدا دەستبەسەر 500 کگم مادەی هۆشبەردا گیرا. ئەم ئۆپەراسیۆنە زۆر تایبەت و گەورەش بوو کە لایەنە ئەمنییەکانی هەردوولایەن زۆر بەوردی ئەرکەکانیان بەهاوبەشی ئەنجامدا". 
   
دەقی هەڤپەیڤینی مستەفا گۆران لەگەڵ عەقید بیلال سوبحی – گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق:
 
رووداو: لە دوو رۆژی رابردوودا چەند ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورەتان ئەنجامدا. لەناو یەکێک لە ماڵەکانی بەغدادا دەستبەسەر 15 تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا. چۆن ئەو زانیارییانەتان پێگەیشت و چۆن توانیتان ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدەن؟
 
عەقید بیلال: بەڵێ، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێز وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەستیکرد بە ئەنجامدانی زنجیرە ئۆپەراسیۆنێک، ئەویش بە هاوئاهەنگییەکی باڵا لەگەڵ دەزگای هەواڵگری و سەندیکای دەرمانسازانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەستگیرا بەسەر 15 تۆن لەو مادانەی کاریگەرییان لەسەر مێشک هەیە؛ هەروەها پێکهاتە جۆراوجۆرە کیمیاییەکان کە لە پیشەسازی و بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکاندا بەکاردەهێندرێن؛ هەروەها دەستبەسەر ژمارەیەکی زۆر دەرمانی قەدەخەکراودا گیرا کە لە لیستی دەرمانە قاچاخ و قەدەخەکراوەکانی وەزارەتی تەندروستیدان. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دوو تۆمەتبار دەستگیرکران و رەوانەی دادگە کران و بەپێی یاسای ژمارە 50ی ساڵی 2017 کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان سزا دەدرێن. بۆ زانیاریتان ئەم ئۆپەراسیۆنە لە گەڕەکێکی بەغدای پایتەخت ئەنجامدرا. دەمەوێ لە رێگەی ئێوەوە بە هاووڵاتییان رابگەیێنم، هەر کەسێک و گرووپێکتان بینی یان گومانتان لێیان کرد لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر یان بازرگانیکردن، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرەوە بکەن بە ژمارە 178 بۆ ئەوەی ئەم چەتە و مافیانە لەنێوببەین و کۆتایی بە جموجووڵیان بهێنین. 
 
رووداو: چی لەم بڕە زۆر گەورەیەی مادە هۆشبەر دەکرێت؟ پێشتریش هاوشێوەی ئەو بڕە زۆرە، مادەی هۆشبەر کە پێنج تۆن و 10 تۆن بووە، دەستی بەسەرداگیراوە لەمیانی ئۆپەراسیۆنەکانتان. چی لەو هەموو مادە هۆشبەرانە دەکەن؟
 
عەقید بیلال: بەڵێ، هەر کاتێک بڕێکی مادە هۆشبەرەکان لەلایەن سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەستی بەسەردا دەگیرێت، رادەستی فەرمانگەی دادپزیشکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی دەکرێت. لەوێ لیژنەیەکی پسپۆڕ بۆ پشکنین و دواتر لەنێوبردنی ئەو مادە هۆشبەرە هەیە. لە کاتی لەنێوبردنیشیدا دادوەرێکی پلە یەک ئامادە دەبێت و لەژێر چاودێری راستەوخۆی ئەو دادوەرەدا سەرجەم ئەم مادە هۆشبەرە لەناو دەبردرێت.
 
رووداو: بەڕێز عەقید، ئاماری شەش مانگی ئەمساڵ چیمان پێمان دەڵێن؟ تاوەکو ئێستا چەند مادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە و چەند کەس دەستگیرکراون؟
 
عەقید بیلال: بەڵێ، لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 10 هەزار تۆمەتبار بە پێی یاسای رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون؛ هەروەها 3.5 تۆن لە هەموو جۆرەکانی مادە هۆشبەرەکان دەستیان بەسەرداگیراوە کە لە کاپتاگۆن، کریستال، حەشیش، پێکهێنەرەکانی دیکەی مادە هۆشبەرەکان بوون. ئەو ئامارە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە جگە لە هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە دوو رۆژی رابردوودا کردووتانن. باشە، ئایا لە ماوەی رابردوودا ئۆپەراسیۆنی لەمە گەورەتر هەبووە کە تاوەکو ئێستا بەم قەبارەیە نەکرابێت؟
 
عەقید بیلال: رۆژانە ئۆپەراسیۆنمان هەن بەهاوئاهەنگیی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و بەهاوکاری دەزگا هەواڵگرییەکان. وەک دەزانن، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هەن کە بەڕێز وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتییان دەکات و بەئەندامێتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وەزارەتی تەندروستی، دەستەی دەروازە گومرگییەکان پێکدێن. ئەرکی سەرەکی ئەم دامودەزگایانە، کۆکردنەوەی سەرجەم زانیارییە هەواڵگرییەکانە. پشت بەخودای گەورە، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستبەسەر تۆڕی زۆر گەورەی بازرگانییدا دەگرین. 
 
رووداو: بەڕێز عەقید، هاوئاهەنگییەکانتان چۆنە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکاندا؟
 
عەقید بیلال: ئەمساڵ هاوئاهەنگییەکی باڵامان لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و بەتایبەتیش بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دوایین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیشمان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بەڕێز عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ناوەندی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو، کە تێیدا دەستبەسەر 500 کگم ماددەی هۆشبەردا گیرا. ئەو ئۆپەراسیۆنە زۆر تایبەت و گەورەش بوو کە لایەنە ئەمنییەکانی هەردوولایەن زۆر بەوردی ئەرکەکانیان بەهاوبەشی ئەنجامدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە