رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پارێزگای میسان رایدەگەیێنێت، ئۆپەراسیۆنی سەقامگیرکردنی دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە بەردەوامە و لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 300 کەس دەستگیرکراون.
حوسێن مریانی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵمەتێکی ئەمنیی بەرفراوان لە سنووری پارێزگای میسان بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان و سەقامگیرکردنی ئاسایشی پارێزگاکە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
حوسێن مریانی، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی یاساییشە لە ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە لە ماوەی رابردوودا زۆر خراپ بوو، "خەریک بوو لەدەست دەربچێت، بەتایبەتی بەهۆی شەڕی هۆزەکان، تۆڵەسەندنەوە، باندەکانی مادەی هۆشبەر، هەراسانکردنی سەرمایەداران و دیاردەی ئۆتۆمبێلی جامڕەشەوە."
بە گوتەی حوسێن مریانی، دۆخەکە گەیشتبووە رادەیەک رۆژانە دوو بۆ سێ کەس دەکوژران و تەنانەت گەیشتە ئاستی کوشتنی ئەفسەرانی هێزە ئەمنییەکان. گوتیشی: "بۆیە پێش چلەی ئیمام حوسێن، سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقمان کرد و دۆخەکەمان بۆ روونکردەوە. داوای ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیمان کرد بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی پارێزگاکە و لە ئەنجامدا هێز رەوانەی میسان کرا."
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، دوێنێ یەکشەممە بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە، سەردانی میسانی کرد و لەگەڵ پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاکە کۆبووەوە و راستەوخۆ سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی کرد.
وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: "بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی ئەو داواکراوانە دەکرێت کە بۆ پارێزگاکانی دیکە هەڵاتوون. پێویستە خۆیان رادەست بکەن، چونکە هیچ بژارەیەکی دیکەیان لەبەردەست نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ