بۆ جاری چوارەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق نەکرا و ناوی ئامادەنەبووان بڵاودەکرێتەوە

01-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، پەرلەمانی عێراق نەیتوانی بۆ چوارەم جار لەسەر یەک کۆببێتەوە. ئەندامێکى لیژنەى یاسایی دەڵێت: "بڕیاردراوە ناوى ئەو پەرلەمانتارانە بڵاوبکرێتەوە، کە ئامادە نەبوون."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکى تشرینى یەکەمى 2025، بۆ چوارەم جار لە دوای یەک پەرلەمانی عێراق نەیتوانی کۆببێتەوە، هەرچەندە خشتەی کۆبوونەوەکە 11 بڕگەی تێدابوو بۆ دەنگدان و تاوتوێکردنی چەند پڕۆژەیاسایەک.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "144 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و رێژەی یاسایی تەواو نەکرا، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەک کۆبوونەوەکەش دواخرا."
 
بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، پێویستە 166 پەرلەمانتار لە کۆی 329 ئەندامەکە ئامادە بن.
 
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا."
 
دارا سێکانیانی رایگەیاند، سەرۆکایەتیى پەرلەمان بڕیارى دا ناوی ئەو پەرلەمانتارانە بڵاوبکرێتەوە کە ئامادە نەبوون.
 
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسای پەرلەمان و پێکهاتەکانی، سزای ئامادەنەبوونی بێ پاساوی هەر پەرلەمانتارێک لە کۆبوونەوەکان یەک ملیۆن دینارە و ئەگەر پەرلەمانتارێک پێنج کۆبوونەوەی لەدوای یەک بەبێ پاساو ئامادە نەبێت، مافی پەرلەمانتاری لێوەردەگیرێتەوە.
 
یەکێک لەو پڕۆژە یاسایانەى کە لە خشتەی کارى کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق بوو، خوێندنەوەی دووەم بوو بۆ هەموارى یاسای قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان و هەڵەی سەربازی و هێرشە تیرۆریستییەکان، لە هەموارەکەدا ئەو کەسانە دیاری کراون کە قەرەبووەکە دەیانگرێتەوە و ناوی پێشمەرگە زیاد کراوە.
 
رۆژانى 10 و 16 و 17ـى ئەیلوول و یەکى تیشرینى یەکەم لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراقەوە دیاریکرابوو بۆ کۆبوونەوە، بەڵام بەهۆى نەبوونی رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران هیچکام لەو کۆبوونەوانە نەکران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە