ئەمریکا پەیکەری بزنەکێوی دەنێرێتەوە عێراق

01-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیکەرێکی مێژوویی رادەستی عێراق دەکاتەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن بە پەیکەرێکی "دەگمەن" ناوی دەبات. باوەڕ وایە تەمەنی ئەو پەیکەرە زیاتر لە 4 هەزار و 500 ساڵە.
 
باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بەبۆنەی رادەستکردنەوەی پەیکەری بزنەکێوی بە عێراق. ئەم بۆنەیە نەوەک تەنیا کولتوورییە، بەڵکو پشتڕاستکردنەوەی پێگەی سرووشتیمانە وەک لانکەی شارستانیەتیی مرۆڤایەتی". 
 
باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن باس لەوە دەکات "ئەم پارچە دەگمەنە بلیمەتیی شارستانیەتە دێرینەکەمان لە هونەری کانزاکاری بەرجەستە دەکات کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 4500 ساڵ دەگەڕێتەوە".
 
دوای کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی 2003، ناوچە شوێنەوارییەکان لە عێراق رووبەڕووی وێرانکاری، دزین و فەرامۆشکردن بوونەوە. تەنیا لە مۆزەخانەی بەغدا نزیکەی 15 هەزار پارچەی شوێنەواری دیارنەمان. خەمڵاندنەکە بەو جۆرەیە نزیکەی 32 هەزار پارچەی شوێنەواری لە 12 هەزار ناوچەی شوێنەواری لە 2003ەوە دیارنەماون.
 
سەرەتای ئەم ساڵ، ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رایگەیاند، توانیویانە زیاتر لە 10 هەزار پارچەی شوێنەوار و شتی بەنرخی عێراق لە وڵاتانەوە بگەڕێننەوە بۆ عێراق.
 
رۆژی 04-12-2022 لە شەشەمین کۆڕبەندی شارستانییەتە دێرینەکان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "عێراق بە درێژایی سەردەمە جیاوازەکان رووبەڕووی پلانێکی دزینی رێکخراو لە دزینی شوێنەوار و کەلەپوورەکەی کە تەنیا موڵکی عێراق نییە، بووەتەوە. جیهان قەبارەی ئەو تێکدان و بازرگانیکردنەی بینی کە داعش کردی؛ بۆیە ئێمە هەوڵی زۆرمان دا بۆ گێڕانەوەی زیاتر لە 18 هەزار پارچە شوێنەواری کە بۆ سەردەمە جیاوازەکان دەگەڕێنەوە و ئەوەش بە هەوڵ و هاوکاریی دۆستان و نزیکەکانی عێراق ئەنجامدرا."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە