رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی 2025ـدا، 188 بوومەلەرزە لە عێراق و ناوچەکانی دەوروبەری تۆمارکراون، زۆرترینیان لە پارێزگای دیالە بوونە و هیچ زیانێکی گیانی و مادییان نەبووە.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 1-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 188 بوومەلەرزە، 154یان لەنێو خاکی عێراق و 34یان لە دەرەوەی عێراق و نزیک سنوورەکان بوونە، 22 بوومەلەرزە لە ئێران (کرماشان، سنە، ئازەربایجان، لوڕستان و ئیلام)، 11 بوومەلەرزە لە تورکیا (وان، شرنەخ، بەدلیس و هەکاری) و یەک بوومەلەرزەش لە سووریا (حەسەکە) روویانداوە."
هێزی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1 بۆ 4.6 پلە بووە و قووڵاییان لەنێوان 7 بۆ 38 کیلۆمەتر بووە.
بەگوتەی گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، زۆرترین بوومەلەرزەکان لە پارێزگای دیالە بوونە کە 120 بوومەلەرزە بووە و بە دیاریکراوی لە خانەقین، بەلەدروز و کفری تۆمارکراون.
لە پارێزگای سلێمانی (ناوەندی شار، کەلار و چەمچەماڵ) 14 بوومەلەرزە، لە هەردوو پارێزگای دهۆک (زاخۆ و ئامێدی) و هەولێر (کۆیە و شەقڵاوە) 6 بوومەلەرزە، لە پارێزگای سەڵاحەدین (خورماتوو و تکریت) 3 بوومەلەرزە، لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و هەڵەبجە 2 بوومەلەرزە و لە پارێزگای واست (قەزای بەدرە) یەک بوومەلەرزە تۆمارکراون.
بەگوێری راپۆرتێکی مانگانەی دەستەکە، دانیشتووانی باکووری رۆژهەڵاتی تکریت هەستیان بە بوومەلەرزەیەک کردووە.
هەروەها لە قەزای خانەقین 117 بوومەلەرزە تۆمارکراون و دانیشتووانی ناوچەکە هەستیان پێکردووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەبووە.
بەپێی ئاماری دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، لە ساڵی 2024دا 231 بوومەلەرزە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان روویانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ