رووداو دیجیتاڵ
دواى پێنج رۆژ لە راگرتنى گەشتەکانى، فڕۆکەکانى کۆمپانیاى فلاى بەغدا لە عێراق دەستیانکردەوە بە فڕین. راگرتنی گەشتەکانی کۆمپانیاکە لەسەر داوای حکومەتى عێراق بوو، تاوەکو لێژنەیەکى لێکۆڵینەوە کارەکانى تەواو دەکات.
لێژنەکەى حکومەت بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو تۆمەتانەیە کە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا ئاراستەى کۆمپانیاکەى کردووە کە بەهۆیەوە خستیە لیستى سزاکانییەوە.
فلاى بەغدا لە دەرەوە رێوشوێنى گرتووەتەبەر بۆ تانەدان لە بڕیارەکە.
نەمیر قەیسی، بەڕێوەبەرى ئاسایشى فڕۆکەوانى کۆمپانیاى فلاى بەغدا دەڵێت، "دەستمان کردووە بە تێهەڵچوونەوە بە بڕیارەکەى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا، دەستەى پارێزەرانى کۆمپانیاى فلاى بەغدا رێوشوێنەکانى لە دەرەوە دەستپێکردووە، حکومەتیش لێژنەیەکى پێکهێناوە و بڕیارى دیکە دەردەکات."
لێژنەکەى حکومەت لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە دەکات وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا ئاراستەى فلاى بەغدا و بەشیر شیبانی، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاکەى کردووە بەوەى هاوکاریی فەیلەقى قودسی سوپاى پاسدارانى ئێرانى کردووە.
تائێستا ئەو تۆمەتانە لەلایەن فلاى بەغدا رەتدەکرێنەوە و بە هەڵبەستراو ناوى دەبەن.
پەرلەمانى عێراق بۆ ئەو پرسە جوڵەى کردووە، میواندارى لێژنەکەى حکومەت و وەزیرى گواستنەوە دەکات.
فلاى بەغدا لە ساڵى 2014 دامەزراوە، جگە لە گەشتى نێوخۆیی، گەشتى بۆ زیاتر لە نۆ وڵاتى جیهان و ناوچەکە هەیە، زۆرترین گەشتەکانیشى بۆ سووریا و لوبنانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ