رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکان رایانگەیاندووە، ئەمشەو عەباس دەڕاجی، بەرپرسی پاڵپشتیی لۆجیستیی حەشدی شەعبی لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر قائیم کوژراوە و تاوەکو ئێستا تەنیا ناوی ئەو بەرپرسە لەنێو کوژراوەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، ئەم گرووپانە باس لە کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 10 چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی دەکەن لە شاری قائیمی پارێزگای ئەنبار کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج.
چەند سەرچاوەیەک لەنێو هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە رووداویان گوت، ئێستا دۆخەکە هێور بووەتەوە و هێرشەکان وەستاون، بەڵام هێرشەکان زەبرێکی گەورەیان بە چەکدارانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی حیزبوڵڵا گەیاندووە.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، "سەرجەم کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانیان کراونەتە ئامانج و بەتەواوەتی لەنێوبراون." هاوکات هەندێک سەرچاوەی ئەمنی دەڵێن لە هێرشەکەی ئەمریکادا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، فڕۆکەی ئێف 16ـەش بەشداربوون. دەشڵێن لە 20 هێرشی ئەمریکا زیاتر لە 10 خانوو لە عەکاشانی شاری قائیم کراونەتە ئامانج.
ئەمشەو لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتەکەی مووشەکیان ئاراستەی حەوت دامەزراوە لە سووریا و عێراق کردووە کە زیاتر لە 85 ئامانجیان تێدا بووە و دەشڵێت، جۆ بایدن فەرمانیکردووە هێرشەکان بەردەوامیی پێبدەن.
لە راگەیێندراوەکەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا هاتووە؛ "دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی رابردوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی [نێودەوڵەتی] لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، بە فەرمانی سەرۆک بایدن، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانییان کردە سەر 7 دامەزراوە، کە زیاتر لە 85 ئامانجیان لە نێو عێراق و سووریا لە خۆگرتبوو و لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیا نزیکەکانییەوە بەکاردەهێنران بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئەمریکا".
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەشڵێت؛ "سەرۆک فەرمانیکردووە کە هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ ئەوەی سوپای پاسداران و میلیشیا نزیکەکانی رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە لە بەرامبەر هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی. ئەو هەنگاوانە لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆمان ئاشکرا دەکرێن".
لە کۆتاییدا لۆید ئۆستن گوتی؛ "ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان هیچ شوێنێکی دیکە ململانێمان ناوێت، بەڵام من و سەرۆک هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا قبوول ناکەین. هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بەرگری لە ئەمریکا، هێزەکانمان و بەرژەوەندییەکانمان بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ