بریکاری وەزارەتی نەوت: تورکیا رێککەوتنی پێشووی بۆریی نەوتی ناوێت

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق
باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای دەکات کە دانوستاندنەکان لەگەڵ تورکیا بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی بۆریی نەوتی نێوانیان بەردەوامن، بەڵام ئەنقەرە مەرجی نوێی هەیە.  بریکاری وەزارەتەکە دەڵێت، لە ئەگەری گەڕانەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، بڕی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەگاتە 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
رۆژی شەممە، 2ی ئایاری 2026، باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی لە بەغدا راگەیاند، "دانوستاندن لەگەڵ لایەنی تورکی بەردەوامە، بەڵام تورکیا چیتر کار بە رەشنووسە کۆنەکەی رێککەوتنی پێشوو ناکات." بەپێی گوتەی ئەو، ئەنقەرە داوای پڕۆژەی وەبەرهێنان لە نێوخۆی عێراق دەکات، بەتایبەتی لە کەرتەکانی گەڕان و بەرهەمهێنان و پاڵاوتن و پیشەسازیی پترۆکیمیایی.
 
بریکاری وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی عێراق "دیدگەیەکی ئەرێنی" هەیە بۆ چوونە نێو ئەو جۆرە پڕۆژە هاوبەشانە لەگەڵ تورکیا، "بەو مەرجەی سوودی هەردوو وڵاتی تێدا بێت و ببێتە هۆی نوێکردنەوە و مسۆگەرکردنی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت."
 
سەبارەت بەو بڕە نەوتەی ئێستا لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردە دەکرێت، باسم محەممەد گوتی، "ئەوەی ئێستا هەناردە دەکرێت تەنیا نەوتی کەرکووک نییە. ئێمە رێکارێکی تەکنیکی بەکاردەهێنین بەوەی نەوتی باشوور بەرەو وێستگەی (K3) پاڵ دەنێین بۆ ئەوەی پێداویستیی پاڵاوگەکانی باکوور پڕ بکەینەوە، لە بەرامبەردا ئەو بڕە نەوتەی کەرکووک کە دەمێنێتەوە، هەناردەی دەکەین."
 
ئێستا رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل لە نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردە دەکرێت. بریکاری وەزارەتی نەوت گوتی، "هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 30 هەزار بەرمیل تێپەڕ ناکات." هۆکاری کەمبوونەوەکەشی بۆ "نەبوونی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە کێڵگەکان" دەگەڕێنێتەوە، کە بە گوتەی ئەو هێشتا کێڵگە نەوتییەکانیان نەخستووەتە گەڕ.
 
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق گەشبینە بەوەی دوای رێککەوتنی کۆتایی و گەڕانەوەی کۆمپانیاکان، ئاستی هەناردەکردن بازدانێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت. باسم محەممەد خزەیر دەڵێت، "دوای گەڕانەوەی کۆمپانیاکان، ئەم 200 هەزار بەرمیلەی ئێستا هەناردە دەکرێت، پێشبینی دەکەین بگاتە 450 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە."
 
لە 18ی ئاداری 2026، دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پارەی دیناری عێراقی جۆری 10 هەزار دیناری، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: مووچەی شەش مانگی داهاتوو مسۆگەر کراوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەت بڕیاری داوە لەڕێگەی یەدەگی بانکی ناوەندییەوە مووچەی شەش مانگی داهاتووی فەرمانبەران دابین بکات. ئاماژە بەوەش دەکات کە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ناردنی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە سەرکەوتوو بووە.