رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سیستمی 'ئەسیکۆدا' لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە رێکارەکان کردووە."
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی لە بەغدا راگەیاند، "پێش چەند رۆژێکی کەم، لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان میوانداریی شاندێکی هەرێمی کوردستان و فەرمانگە فیدراڵییەکانمان کرد. سوپاس بۆ خودا گەیشتینە لێکتێگەیشتن و شاندی هەرێم رازی بوون بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان."
سیستەمی 'ئەسیکۆدا' بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتووی جیهانییە بۆ بەدیجیتاڵکردنی کارە گومرگییەکان و رێگریکردن لە سەرپێچی، کە ئێستا لەلایەن دەستەی گشتیی گومرگی عێراقەوە پەیڕەو دەکرێت.
عومەر وائیلی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان وەک دەستەی دەروازە سنوورییەکان سەرپەرشتیی نزیککردنەوەی بیروڕاکانی نێوان هەردوولایان کردووە و گوتی، "بە راشکاوی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان قسەمان کرد کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە پێویستە وەک برا هاوکاریی یەکدی بکەین بۆ رێکخستنەوەی کارەکان."
سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان، عومەر وائیلی گەشبینیی خۆی دەربڕی و گوتی، "کۆبوونەوەکان زۆر ئەرێنی بوون و هیچ تێبینییەک لە ئارادا نەبوو. کۆبوونەوەکە بە تەواوی سەرکەوتوو بوو. ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان لە هەوڵی جیدیدان و کار دەکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە کارکردن بەم سیستمە نوێیە بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ