سندووقی نێودەوڵەتیی نەخت: بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق 5٪ کەمدەکات

02-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سندووقی نێودەڵەتیی نەخت دەڵێت، گەشەی ئابووریی عێراق پاشەکشێی کردووە و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و کەرکووک و بڕیاری رێکخراوی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت 5٪ کەمدەکاتەوە. بە گوێرەی سندووقەکە ئەگەر بەهای هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 25 دۆلار بەرزببێتەوە ئینجا عێراق دەتوانێت کورتهێنانی بودجەکەی پڕ بکاتەوە.

سندووقی نێودەڵەتیی نەخت لە دوایین راپۆرتی خۆیدا لەسەر ئابووریی عێراق هۆشداری لە دۆخی ئابووریی عێراق و هەڵكشانی مەترسییەکان دەکات، بەپێی راپۆرتەکە کە  لەلایەن تیمێکی سندووقەکەوە بە پشت بەستن بەو دیدار و کۆبوونەوانەی لەماوەی نێوان 24ـی تاوەکو 31ـی ئایاری رابردوو لەعەمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق  کردوویانە، ئامادەکراوە.
 
راپۆرتی سەرەتایی رێکخراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە مانگەکانی کۆتاییدا گەشەی ئابووریی عێراق پاشەکشێی کردووە، هەرچەندە لەدوای زیادبوونەوەی بەرهەمی نەوتی عێراق دوای ئەو کەمبوونەوەیەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەسەریدا هات، بەڵام چاوەڕواندەکرێت بەرهەمهێنان 5٪ کەم بکات، ئەویش بەهۆی بڕیاری رێکخراوی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت و راوەستانی هێڵە نەوتییەکانی کەرکووک-جەیهان لە کارکردن.
 
سندووقەکە هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، گۆڕانکارییەکانی بازاڕی بەهای دراوەکانی بیانی لەدوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و تووندکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر لە دراوەکانی بیانی، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کەرتە نانەوتییەکان هەبووە، کە پشت بە هاوردەکردن دەبەستن.
 
لە راپۆرتی تیمەکەدا هاتووە: "لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022، پاشەکشێ لە تێكڕای بەرهەمی راستەقینەی نێوخۆیی نانەوتیی عێراق بە رێژەی 9٪ هەیە، ئەوەش ئەو دەستکەوتانەی هەڵوەشاندەوە کە لە سێ چارەکی یەکەمی ئەو ساڵە بەدەستهاتبوو، بۆیە لەگەڵ سەقامگیریی بازاڕی دراوەکانی بیانی لەچوارچێوەی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، پێشبینی دەکرێت تێکڕای بەرهەمی راستەقینەی نانەوتی زیادبکاتەوە و لەساڵی 2023 بگاتە 3.7٪، چاوەڕواندەکرێت رێژەی هەڵاوسانیش لە ناوەڕاستی ساڵی 2023 بگاتە 5.6٪، لەکاتێکدا کانوونی دووەمی ئەمساڵ 7٪ بوو."
 
راپۆرتەکە دەشڵێت لەساڵی رابردوو یەدەگی دراوە بیانییەکانی عێراق گەیشتە 97 ملیار دۆلار. 
 
زیادبوونی خەرجیی حکومەت، بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی، کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوت وادەکات پێویست بکات بەهای بەرمیلێک نەوت بگاتە 96 دۆلاری ئەمریکی بۆ ئەوەی هاوسەنگی لەنێوان خەرجی و داهاتەکانی عێراق لە رەشنووسی بودجەی گشتی بەدی بێت و رێژەی کورتهێنان بگاتە سفر، وەکو تیمەکەی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە یاداشتیان کردووە. 
 
سندووقی نێودەڵەتیی نەخت باس لەوە دەکات لە نزیک مەودادا، بەهۆی ئەو پلانانەی حکومەتی عێراق بۆ دۆخی دارایی گشتی دایناوە، وا دەکات رێژەی هەڵاوسان بەرزببێتەوە و بازاڕی دراوە بیانییەکان بکەوێتەوە دۆخی شڵەژان، بەڵام لە مامناوەنددا بەردەوامیی کارکردن بە سیاسەتەکانی ئێستا لە رۆشنایی نادڵنیایی لەبارەی رێڕەوی بەهای نەوت لە ئایندەدا، مەترسیی زۆر لەسەر سەقامگیریی ئابووری دادەنێت، جگە لە بەرزبوونەوەیەکی زۆر لە بەهای نەوت، سیاسەتی دارایی ئێستا رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی کورتهێنان و زیادبوونی گوشارە داراییەکان لە ساڵانی داهاتوودا.
 
راپۆرتەکە باس لە پێویستیی سیاسەتی تووندتری دارایی دەکات، بۆ پتەوکردنی خۆڕاگڕیی ئابووری و پشتبەستنی حکومەت لەسەر داهاتە نەوتییەکان، بەتایبەت لە فرەچەشنکردنی داهاتەکان، کەمکردنەوەی ئەو پارەیەی بۆ فەرمانبەران تەرخاندەکرێت و چاککردنی سیستەمی مووچەی خانەنشینی.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.