کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: نزیکەی 7900 کەس بۆ پەرلەمانی عێراق خۆیان بەربژێر کردووە

02-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دوو رۆژی دیکە وردبینیی ناوی بەربژێرەکان تەواو دەکات و دواتر بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەنێرێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 7900 کەس بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆیان بەربژێر کردووە. کۆمیسیۆن لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا وردبینیی ناوەکانیان تەواو دەکات."
 
لە 25ی مانگی ئایاردا دەرگای پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان کرایەوە و رۆژی 26ی مانگی رابردوو دوایین وادە بوو بۆ پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان.
 
عیماد جەمیل گوتی، دوای تەواوبوونی وردبینییەکەیان، کۆمیسیۆن ناوەکان بۆ پشکنینی شایستەیی رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە بریتین لە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ،  پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڵگە و تاوان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن گوتیشی، "پێویستە ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە لە 15 رۆژدا وەڵامی کۆمیسیۆن بدەنەوە، دواتر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی بەربژێرەکان پەسند دەکات."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکهاتووە کە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە