بەرهەم ساڵح بۆ وەزیری بەرگری: توانای هێزە ئەمنییەکان پێشبخرێت

02-08-2020
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری عێراق لە سلێمانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە، باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییەی سوپای عێراق و هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردووە. سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، پێویستە توانای هێزە ئەمنییەکان پێشبخرێن. 
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ جومعە عناد، وەزیری بەرگریی جەختیکردووەتەوە لە پێویستیی گرنگیدانی زیاتر بە پێشخستنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکان لەڕووی مەشق و پڕچەککردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، "بەجۆرێک ببێتە مایەی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات". 
 
بەرهەم ساڵح باسی لە "دەستکەوتە بەدەستهاتووەکانی" ئەم دواییەی ئۆپەراسیۆنەکان کرد لە کەرتە جیاجیاکاندا، ھەروەھا ستایشی ئەو رۆڵەی کردووە کە بەشە جیاجیاکانی سوپای عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سووربوون لەسەر ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی "تیرۆر" بەدەستیان هێناوە.
 
وەزیری بەرگریی عێراق پلانەکانی وەزارەتەکەی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەکارییەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و "تیرۆر" خستووەتەڕوو. هاوکات "رۆڵ و پشتیوانیی بەردەوامی سەرۆککۆماری لە پێشخستنی سوپای عێراق بەگشت کەرتەکانییەوە بەرزنرخاند". 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە