رووداو - بەغدا
دایکی عەباس چوار رۆژە لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق ساتەکانی مانگرتن تۆمار و ئەرشیف دەکات. ئەو تەمەنی 50 ساڵە و لەگەڵ سەتان کەس لە لایەنگرانی سەدر مانیان گرتووە و لەوێ دەمێننەوە.
فاتمە مەنسوور (دایکی عەباس)، خۆپێشاندەر بە رووداوی گوت، "دایک دەبێت پشتگیریی کوڕەکەی بکات، چی لە ماڵ بکەم کە کوڕەکەم هاتووەتە ئێرە و خۆی دەکاتە قوربانی؟ ماڵم بۆ چییە؟ منیش خۆم لەگەڵ کوڕەکانم دەکەمە قوربانی، هەستەکانم وەکو شاخێک وایە لە دڵمدا، گەنجەکان کار و دامەزراندنیان دەستناکەوێت و منیش دەبێت پشتگیریی کوڕەکانم بکەم."
بە دەیان ئافرەت و کچ، لەنێو مانگرتووانی پەرلەمان دەبیندرێن و درووشم دەڵێنەوە؛ ئەوان دەڵێن هاتوون بۆ چاکسازی و لەنێوبردنی گەندەڵکاران و ئومێدی زۆریان بە موقتەدا سەدرە.
مەها فەتحی، خۆپێشاندەر ئاماژە بەوە دەکات، "گەنجەکان هەموویان دانیشتوون و بێ کارن و مافی خۆیانە گۆڕانکاری بکەن، ئەوان دەیانەوێت دابمەزرێن، کوڕەکەی من زانکۆی تەواو کردووە و دانیشتووە، منداڵ و ماڵیش داواکارییان لێی هەیە و ئەوان هیچیان بۆمان نەکردووە، ئێمە دەمانەوێت کەسێک بێت بە راستی خێری هەبێت."
دایک و کەسوکاری بەشێک لەو زیندانیکراوانەی کە وەکو خۆیان دەڵێن، بەهۆی دڵسۆزییان بۆ سەدر لەلایەن گرووپە چەکدارییە شیعەکانی دیکەوە دەستگیرکراون، بەشداریی خۆپێشاندانەکانی بەغدان.
لەیلە عەبدولوەهاب، کەسوکاری زیندانیکراو گوتی، "بەناوی خۆم و کەسوکاری گشت زیندانییانەوە پەیام دەنێرم، دەمەوێت سەید موقتەدا سەدر خودا بیپارێزێت چارەسەرێکمان بۆ بکات و کوڕەکانمان لە زیندان دەربکات و زیندانەکان لە خەڵکی بێ تاوان پاکبکاتەوە، هەمووان بێ تاوانن و ئەفسەرەکانی لێکۆڵینەوە لەژێر ئەشکەنجەدان قسەیەکیان پێدەردەکەن کە ئەوان نەیانکردووە."
تادێت ژمارەی مانگرتووان لە پەرلەمانی عێراق زیاتر دەبێت؛ ئەوانەی داواکارییان هەیە یان چاویان لە دامەزراندنە، رۆژانە دەچنە پاڵ مانگرتووان و لەنێو پەرلەمان دەمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ