رووداو دیجیتاڵ
بەرگریى شارستانیى عێراق رایگەیاند، بەپێى یاسا بەکارهێنانى سەندویچ پەنەڵ و ئەلیکۆبۆن لە باڵەخانە و خانووەکاندا قەدەخەیە و سزاى پێبژاردن و بەندکردنى لەسەرە. دەشڵێت، یاساى بەرگریی شارستانى هەموار دەکرێتەوە بۆ ئەوەى سزاکان تووندتر بکرێنەوە.
رۆژی دووشەممە، 02-10-2023، نواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى یاسای بەرگریی شارستانیى عێراق، بەکارهێنانى سەندویچ پەنەڵ و ئەلیکۆبۆن لە باڵەخانە و پڕۆژە و خانووەکاندا قەدەخەکراوە، بەدواداچوون و پشکنین بۆ باڵەخانە و شوێنە گشتییەکان دەستپێدەکات.
ئەو دوو مادەیە (سەندویچ پەنەڵ و ئەلیکۆبۆن) وەکو دابڕێنەری گەرما و سەرما لە خانوو و باڵەخانەکاندا بەکاردەهێندرێت، بەڵام زۆر بە خێراییش گڕدەگرن و بەهۆکارێک دادەنرێن بۆ تەشەنەسەندنی ئەو ئاگرانەی لەو خانوو و باڵەخانانە دەکەونەوە، کە ئەو دوو کەرستەیان تێدا بەکاردەهێندرێت.
نواس سەباح شاکر لەبارەی پشکنین و بەدواداچوونیانەوە گوتی، "تیمەکانى بەرگرىی شارستانى بۆ هەر باڵەخانەیەک پشکنینى سەرەتایی دەکەن کە لە مانگى کانوونى دووەم بۆ مانگى حوزەیران دەبێت و تێبینى تۆمار دەکرێت و داوا دەکرێت کە ئەو جۆرە مادانەى بەکاریانهێناون لای بدەن، لەدواى ئەوەى پشکنینى دووەم دەکرێت، ئەگەر تێبینی پشکنینى یەکەم جێبەجێ نەکرابێت، دۆسیەکەى ئاراستەى دادگەیەکى بچووکراو دەکرێت و سزاى پێبژاردن دەدرێت. ئەگەر تۆمەتبارەکە نەهاتە بەردەم ئەو دادگەیەى بەرگریى شارستانى دۆسیەکەى دەدرێتە دادگاکانى عێراق."
بەگوێرەى مادەکانى 20 و 21ـی یاساى بەرگریى شارستانیى عێراق، کە لە ساڵى 2013 دەرچووە، هەر کەسێک رێنماییەکانى یاساکە بۆ مەرجى سەلامەتى جێبەجێنەکات، سزاى پێبژاردن دەدرێت، کە لە نێوان 250 هەزار دینار تاوەکو یەک ملیۆن دینارە و سزاى بەندکردنیش دەدرێت کە دەگاتە سێ ساڵ.
هەموارى یاسای بەرگریى شارستانیی لە پەرلەمانى عێراقە، نواس سەباح شاگر لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، "مەبەست لە هەموارەکە زیادکردنی سزاکانی سەر سەرپێچی کاران و مەرجەکانى سەلامەتییە، کە سزاى پێژاردن دەگاتە 10 ملیۆن دینار و سزاى بەندکردنەکەش دەگاتە پێنج ساڵ."
رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023، لیژنەی لێکۆڵێنەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی سێشەممە، 26ـی ئەیلوول، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکراکرد.
لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، فەریق کازم سەلمان بوهان، راوێژکاری وەزیری ناوخۆ و راسپێردراو بۆ بەدواداچوونی کارەکانی لیژنەکە قسەی کرد و رایگەیاند رووداوەکەی ئاگرکەوتنەوەی حەمدانیە بە "ئەنقەست نەبووە'' و بەهۆی کەمتەرخەمی و بەجێنەگەیاندنی ئەرکەکان و بەکارهێنانی کەرەستەی قەدەخە و خێرا گڕگرتوو بووە لەنێویاندا سەندویچ پەنەڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ