رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگدان بە پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان لە بەرنامەی کاری پەرلەمانە.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکەم بڕگەی دانیشتنەکە دەنگدانە بە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان. ئەو خانوو و زەوییانە بە بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەوە داواکاریی کورد و تورکمانە. بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەش دەنگدانە لەسەر هەمواری یاسای باری کەسی کە شیعەکان داوای دەکەن."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ دەڵێت، "هەفتەی رابردوو لەگەڵ شیعە و سوننەکان گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ دەنگدان بە پڕۆژەکە، ئەگەر پەشیمان نەبنەوە."
پڕۆژەکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان لەسەری ماوە و ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعس دەکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ دەڵێت، "هەندێک بڕگەی دیکە بۆ پڕۆژەکە زیادکراون وەک گەڕانەوەی زەوییەکانی خانەقین و مەندەلی، مەخموور و ناوچەکانی دیکە بەگشتی. لە پڕۆژەکەی حکومەتی عێراقدا خانەقین و مەندەلی و هەندێک ناوچەی دیکە نییە."
هەر لەوبارەوە دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو پڕۆژەیاسایە زۆرترین گفتوگۆ و دانوستاندنی لەبارەوە کراوە. سوننەکان بەتایبەتی ئەوانەی هاوسنوورن لەگەڵ ئەو ناوچانە دژن. بەشێک لە شیعەکانیش رەچاوی هەڵوێستی سوننەکان دەکەن."
سێکانیانی راشیگەیاند، "ئەگەر ئەو بڕگانەی بۆ پڕۆژەکە زیادکراون، پەسند بکرێن بۆ کورد باشە. روونیش نییە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا چی روودەدات و چۆن پڕۆژەکە دەنگی لەسەر دەدرێت؛ پێشتریش چەند جارێک پڕۆژەکە خراوەتە بەرنامەی کار و دواتر لابراوە."
ئەندامەکەى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، چەند بڕگەیەک زیاد کراون کە زۆربەیان تایبەتن بە ناوچەکانی خانەقین، مەندەلی، سەلاحەدین، کەرکووک، دوجێل.
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بکرێت، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان کە بەشێوەى بەناوکردن دەستیان بەسەردا گیراوە، نەوەک داگیرکردن یان کوژاندنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ