ژیڤان بەکر و محەممەد رەحیم
بەرپرسێک لە کۆمپانیای خۆراکی عێراق دەڵێ، حکومەت بڕیاریداوە ئەم ساڵ تەنیا 8 بەشەخۆراک دابەش بکرێ، لە کاتێکدا ساڵانی رابردوو 10 بەشەخۆراک دابەش دەکرا. بازرگانیی خۆراکی دهۆکیش ئاماژە بەوە دەکات، 60%ـی بەشەخۆراکی حەوتەمیان دابەشکردووە و گەورەترین کێشەیان کەمیی کۆگەیە.
رۆژی یەکشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2025، لوما هاشم مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراکی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە گوێرەی بەرنامەی حکومەت، ئەم ساڵ تەنیا 8 بەشەخۆراک دابەش دەکرێ. ئێستا لە قۆناخی دابەشکردنی بەشی حەوتەمداین و بڕیارە لە داهاتوودا بەشی هەشتەمیش دابەش بکرێ."
لوما مووسەوی گوتی: "هاوکات لە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانیدا، بەشی سێ مانگ بەشەخۆراک هەیە."
هەر لەو بارەیەوە دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە رووداوی گوت: "سەبارەت بەوەی حکومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەم ساڵ 8 بەشەخۆراک دابەش بکات، هیچ نووسراوێکمان بۆ نەکراوە و ئاگادار نین."
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، ئێستا خەریکی دابەشکردنی بەشەخۆراکی حەوتەمن و مادەکانیان بەتەواوی بەدەستگەیشتووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵانی رابردوودا لە 12 مانگدا 10 بەشەخۆراک دابەشکراون.
بازرگانیی دهۆک: 60%ـی حەوتەم بەشەخۆراک دابەشکراوە
هەجەر تاهیر عەلی، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا شەش بەشەخۆراکمان بەتەواوی دابەشکردووە و ئێستا خەریکی دابەشکردنی بەشەخۆراکی حەوتەمین کە 60%ی تەواو بووە."
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم دابەشکردنی خۆراک لە دهۆک، کەمیی کۆگەی هەڵگرتنە. هەجەر تاهیر عەلی دەڵێت: "ئێمە 12 کۆگای هەڵگرتنی خۆراکمان هەیە، بەڵام ئەو خۆراکەی بۆمان دێت زیاترە لە توانای کۆگاکانمان."
بەڕێوەبەری بازرگانیی دهۆک پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەشت بەشەخۆراک دابەش بکرێ، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو 10 بەشەخۆراک دابەشکرابوو.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، مانگانە نزیکەی 20 بۆ 25 هەزار تۆن خۆراک دەگاتە دهۆک و کۆگاکانیان توانای هەڵگرتنی ئەو بڕەیان نییە؛ گوتیشی: "چەندین جار داوامان لە بەغدا کردووە کۆگامان بۆ دروست بکات، بەڵام هیچ وەڵامێک نەبووە."
سەرچاوە و کواڵیتیی خۆراک
سەبارەت بە سەرچاوەی مادەکانی نێو پسووڵەی خۆراک، لوما مووسەوی گوتی، "هەندێک لە مادەکان بەرهەمی نێوخۆن، وەک شەکر و زۆربەی رۆن"؛ گوتیشی: "گرێبەستێک لەگەڵ کارگەیەکی بەرهەمهێنانی رۆنی تۆنسای تورکیا لە هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی ئەو مادەیە بۆ وەزارەت دابین بکات."
هەجەر تاهیر عەلی سەبارەت بە کواڵیتیی خۆراکەکە گوتی: "مانگانە ئەو خۆراکەی دابەشی دەکەین بەسەر بریکارەکاندا پشکنینی نموونەیی بۆ دەکەین؛" هاوکات داوای لە بریکار و هاونیشتمانییان کرد، "هەر خۆراکێک کێشەی هەبوو یان خراپ ببوو، وەری نەگرن و بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ئاگادار بکەنەوە."
لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت، بەڵام دوای بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا زیاتر لە 700 هەزار هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیانەوە بەشەخۆراکیان بڕدرا.
لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 1185 بریکاری خۆراک لە رێگەی 14 مەڵبەندەوە خۆراک دابەش دەکەن.
لە بەشەخۆراکی حەوتەمی ئەم ساڵدا ئەم شەش خۆراکە دابەش دەکرێن: سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، یەک لیتر رۆنی شل، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ لەتکە نۆک و یەک قوتوو دۆشاوی تەماتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ