رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا و بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێوڕەسمی واژۆکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی هاریکاری تایبەت بە ئاو لەنێوان تورکیا و عێراقی بەرێوەچوو. رێککەوتنەکە لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە واژۆ کرا.
رۆژی یەکشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2025، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، رێککەوتنەکە یەکێکە لە چارەسەرە بەردەوامەکانی قەیرانی ئاو لە عێراق کە لە رێگەی پاکێجی پڕۆژە گەورە هاوبەشەکانەوە لە کەرتی ئاو جێبەجێ دەکرێ، ئەوەش بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی کەمیی سەرچاوەکانی ئاو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە بایەخی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کردووە کە لە کاتی سەردانەکەی ساڵی رابردووی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیادا بۆ بەغدا لەسەری رێککەوتبوون و دەڵێ، قەیرانی ئاو پرسێکی جیهانییە و عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بەهۆیەوە زیانی بەرکەوتووە.
سوودانی گوتوویەتی، رێککەوتنەکە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ تورکیا بەهێز دەکات و بەشداری لە گەشەسەندنیان لە بوارە جیاوازەکاندا دەکات "بەوەی کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتی دۆست بەدیبهێنێت."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هاکان فیدان سڵاوی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بە سوودانی گەیاندووە و ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی ئێستای کردووە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کە بووەتە هۆی واژۆکردنی چەندین رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن لە کەرت و بوارە جیاوازەکاندا.
ئەمڕۆ یەکشەممە هاکان فیدان گەیشتە بەغدا و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ فوئاد حوسێن گوتی: " ساڵانێکی زۆر بوو تورکیا و عێراق بەدوای ئەوەدا دەگەڕان کە چۆن بتوانن ئاو بە شێوەیەکی کاراتر بەکاربهێنن. لەو سەردانەی دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر کردم، لەسەر بابەتێک لەگەڵ سەرۆکوەزیران رێککەوتین و رێگەیەکی دوو قۆناخیمان گرتەبەر. یەکەمیان، دۆزینەوەی رێگەیەکی باشتر بۆ بەکارهێنانی ئاو لەنێوان تورکیا و عێراق. دووەمیشیان، چۆنیەتیی کارکردنی پێکەوەیی بۆ چاککردنەوەی ژێرخانی ئاو و سیستمی ئاودێری لە عێراق. لەم دوو ساڵ و نیوەی رابردوودا لە هەردوو بوارەکەدا کاری چڕ کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ