رووداو دیجیتاڵ
سکاڵای دژ بە دوو بەربژێری سەرکەوتووی کریستیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتکرایەوە، یەکێکیان بزووتنەوەی بابلیون پێشکێشی کردووە. بە گوتەی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، 60%ی تانەکان لەبارەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن یەکلاکراونەتەوە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سکاڵایەکی ئەحمەد سەعد کامل، رێگەپێدراوی بزووتنەوەی بابلیۆنی رەتکردەوە، کە لە دژی عیماد یوخەنا یاقو تۆماری کردبوو.
عیماد یوخەنا یاقو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی کەرکووک خۆی بەربژێر کردبوو، 17 هەزار و 680 دەنگی بەدەستهێناوە و کورسیی کۆتایی ئەو پارێزگایەی مسۆگەر کرد. ئەو بەربژێرە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرا.
سکاڵایەکی دیکە لە دژی سامی ئۆشانە گۆرگیس تۆمار کرابوو، کە بەربژێری سەرکەوتووی کۆتای کریستیان بوو لە پارێزگای دهۆک، ئەویش بەهەمانشێوە پارتی پشتگیری دەکرد.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە، کە تایبەت بووە بە دەنگدانی گشتی لە نەینەوا، بەپێی ئەوەی بەربژێرانی کۆتاکان لە هەموو پارێزگایەکەوە دەتوانرێت دەنگیان پێ بدرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو سکاڵایانە لە دژی بەربژێران پەیوەندی بە تانەی دژ بە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن نییە و بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی کە دادگەی باڵای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە پەسەند دەکات."
کۆمیسیۆن ئێستا لە قۆناخی یەکلاکردنەوەی تانەکانی دژ بە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە، کە زیاتر 800 تانە پێشکێش کراون و دەبێت دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بڕیار لەبارەیانەوە بدات.
عیماد جەمیل رایگەیاند: "60%ی تانەکان یەکلا کراونەتەوە و هەندێک تانە پێویستیان بە وردبینیی زیاترە، بۆیە کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ یەکلاکردنەوەی هەموو تانەکان."
دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن دەنێردرێت بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و دواتر یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ