رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، رۆژی دووشەممە دوایین وادەی خۆبەربژێرکردنە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و تاوەکو ئێستاش کەس خۆی بەربژێر نەکردووە.
ئەمڕۆ شەممە، 3ی کانوونی دووەمی 2026، سەفوان بەشیر، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کەسێک بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر نەکردووە و ئەوەی هەیە تەنیا خەڵک دێن و پرسیاری شێوازی پڕکردنەوەی فۆرمەکە دەکەن. رۆژی دووشەممەش دوایین وادەی وەرگرتنی ناوی بەربژێرەکانە."
ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق گوتی، "تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەکردووین، بەڵام نزار ئامێدی وەک بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری ئێستاش نێردەیان نارد. هەردووکیان بە مەبەستی پرسیار کردن بوو لەبارەی چۆنییەتی پڕکردنەوەی فۆرمەکە."
هاوکات سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی بۆچوونی وابووە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتن لەبارەی بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمارەوە بکرێ و بە دوو بەربژێر نەچنە نێو پەرلەمان، چونکە بوونى دوو بەربژێر رووگیرى بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروست دەکات لەوەی دەنگ بە کامیان بدەن."
سەلام زوبەیدی رایگەیاند، یەکێتی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند بەربژێرێکی خستووەتەڕوو کە دیارترینیان نزار ئامێدی بووە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگییش تێبینیی لەسەر نییە، بەو پێیەی پێشینەی دەزانێت."
نزار ئامێدی لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراقدا وەزیری ژینگە بوو، پێش ئەوەی پۆستەکەی لەسەر پشکی یەکێتی بۆ هەڵۆ عەسکەری جێبهێڵێت.
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی سەرکردایەتیى رێکخراوی بەدریش بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت، "ناوی نزار ئامێدی بە بەهێزی خراوەتەڕوو وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار."
هاوکات سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە رووداوی گوت، "لەتیف رەشید رژدە لەسەر ئەوەی کە جارێکی دیکە خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکاتەوە."
سەفوان بەشیر ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای کۆتاییهاتنی وادەکە و وەرگرتنی فۆرمی بەربژێرەکان، چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆی بەربژێرەکان دەکەین و ئامانجیش لێی دڵنیابوونەوەیە لەو بەڵگەنامانەی کە پێشکێشیان کردووە."
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە 30 رۆژ لە ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێ. ئەم خولەی پەرلەمان لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025 یەکەم کۆبوونەوەی کرد.
مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار:
- پێویستە هاووڵاتی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
- تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
- خاوەن نێوبانگی باش، شارەزایی سیاسی، دەستپاک و دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.
- بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی زانکۆی هەبێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانراو بێت.
- پێشینەی تاوانی نەبێت، بەتایبەت لەو تاوانانەی پەیوەستن بە شەرەفەوە.
- نابێت بە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری یان هەر رێکارێکی هاوشێوە گیرابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ