عێراق بنکەکانی یونامیی وەرگرتەوە

دوێنێ کاژێر 10:51
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە دەستی بە وەرگرتنەوەی بنکەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش کۆنووسی وەرگرتنەوەی کۆمەڵگەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە بەغدا واژۆ کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، محەممەد حوسێن بەحرلعلوم، بریکاری وەزارەتەکە و سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە وەرگرتنەوەی بنکەکانی یونامی لەگەڵ کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنووسەکەیان واژۆ کردووە.
 
پرۆسەکە بە پشتبەستنە بە بڕیاری ژمارە 2732 (2024)ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بڕیاری ئەرکی یونامی لە 31-12-2025 بە فەرمی کۆتایی بێت.
 
بەحرلعلوم، ستایشی هەوڵەکانی یونامیی لە دوو دەیەی رابردوودا کرد و رایگەیاند، "هاوئاهەنگی و هاوبەشیی نێوان یونامی و عێراق، بەشێوەیەکی کارا کاریگەری لە پشتگیریکردنی سەقامگیری و گەشەپێدان لە کایە جیاوازەکاندا هەبووە."
 
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە قوربانیدانی ئەندامانی یونامی کرد، "لە سەروویانەوە ئەوانەی لە ساڵی 2003 لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانیان گیانیان لەدەستدا و لە نێویشیاندا سێرجیۆ دی مێلۆ، یەکەم سەرۆکی نێردەکە."
 
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، کۆتاییهاتنی کاری یونامی بە واتای کۆتاییهاتنی هاوئاهەنگیی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، بەڵکو "دەستپێکی قۆناخێکی نوێی هاوبەشیی گەشەپێدانە."
 
8ى نیسانی 2024، حکومەتى عێراق لە نامەیەکدا بۆ سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کرد تاوەکو کۆتایی 2025 کۆتایی بە ئەرکى یونامى لە عێراق بهێندرێ.
 
یونامى لە ساڵى 2003 لەسەر داواى حکومەتى فیدراڵى و بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 1500ى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى پێکهێندرا؛ لە ساڵى 2007 بە بڕیارى ژمارە 1770 سنوورى کارەکانى لە چوارچێوەى هاوکاریکردنى عێراق فراوانتر کرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە