نزار ئامێدی بۆ رووداو: فۆڕمی بەربژێربوونم بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشکێش نەکردووە

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نزار ئامێدی رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا فۆڕمی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پێشکێش نەکردووە. 
 
نزار ئامێدی، بەرپرسی نووسینگەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا، ئەمڕۆ یەکشەممە 4-1-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا فۆڕمی بەربژێربوونم بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پێشکێش نەکردووە".  
 
سەبارەت بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق نزار ئامێدی گوتی، "ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری حیزب."
 
رۆژی 24-4-2024 نزار ئامێدی، وەک لێپرسراوی نووسینگەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەغدا دەستبەکاربوو. ئەوەش دوای ئەوەی لە پۆستی وەزیری ژینگەی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە و لە شوێنی ئەودا هەڵۆ عەسکەری بووە وەزیری ژینگەی عێراق لە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی.
 
 فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە وەرگرتن و پڕکردنەوەی فۆرمی خۆبەربژیرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەردەوامە.  تاوەکو رۆژی دووشەممە کۆتایی دەوام دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دادەخرێ. 
 
شوان داودی، پەرلەمانتاری خولی سێیەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ وەک یەکەم کەس فۆرمی بەربژێربوون بۆ پۆستیی سەرۆککۆمارم  پڕکردەوە و پسووڵەکەشم وەرگرتەوە کە ژمارە یەکە؛ لە فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش چاوپێکەوتنم لەگەڵ کرا". 
 
شوان داودی گوتی: "نزیکەی چوار ساڵ و نیوە پەیوەندییم بە یەکێتییەوە نەماوە و وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ خۆم بەربژێر کردووە".
 
بەگوتەی شوان داودی، لەو کاتەی لە فەرمانگەی یاسایی پەرلەمان بووە، هەریەک لە نزار ئامێدی و حوسێن سنجاری داوای مۆڵەتیان کردووە بێنە فەرمانگەکە بۆ خۆبەربژێرکردن. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممەش، ئاسۆ فەریدوون وەک بەربژێری سەربەخۆ فۆرمی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پێشکێش کردووە. 
 
بەگوتەی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێر تۆڕی میدیای رووداو، تاوەکو ئێستا 30 کەس فۆرمی بەربژێربوونیان پڕکردووەتەوە کە لەنێویاندا 5یان ژن؛ ژمارەکە لە زیادبوونە. 
 
ئەمیرە جابر، یەکێکە لە بەربژێرە عەرەبە ژنەکانە کە فۆڕمەکەی پڕکردووەتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەزانم ئەم پۆستە پشکی کوردە، فراکسیۆنی گەورەشم لە پشت نییە، بەڵام هەوڵمداوە ئەم رێچکەیە پشکێنم و دەستم بە جموجووڵ کردووە بۆ قسەکردن لەگەڵ لایەنەکان". 
 
مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بەپێی مادەی 68ـی دەستوور:
 
- پێویستە هاووڵاتی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
 -  تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
 -  خاوەن نێوبانگی باش، شارەزایی سیاسی، دەستپاک و دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.
 - بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی زانکۆی هەبێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانراو بێت.
 - پێشینەی تاوانی نەبێت، بەتایبەت لەو تاوانانەی پەیوەستن بە شەرەفەوە.
 - نابێت بە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری یان هەر رێکارێکی هاوشێوە گیرابێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق - کۆشکی سەلام. وێنە: ئەرشیڤ

ئەمڕۆ دوا وادەی خۆبەربژێکردنە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار؛ پارتی بە مەرج دەنگ بە بەربژێری یەکێتی دەدات

ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی سیڤیی ئەو کەسانەی دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر بکەن، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 کەس خۆیان بەربژێر کردووە و پارتی و یەکێتییش بەربژێری خۆیان رانەگەیاندووە