رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا بازاڕی نەوت چاوی لە کاریگەرییەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا بوو، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا هیچ گۆڕانکارییەک لە پلانی بەرهەمهێنانی نەوتدا نەکات و زیادکردنی بەرهەمهێنانیشی بۆ دوو مانگی داهاتوو دواخست.
رۆژی یەکشەممە 04-01-2026، هەشت وڵاتی سەرەکیی نێو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس (سعودیە، رووسیا، عێراق، ئیمارات، کوێت، کازاخستان، جەزائیر و عومان) کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆییان کرد و بڕیارەکەی تشرینی دووەمی 2025ـیان پشتڕاست کردەوە بۆ "راگرتنی زیادکردنی بەرهەمهێنان لە مانگەکانی شوبات و ئاداری 2026."
بەگوێرەی خشتەی بڵاوکراوەی کۆبوونەوەکە، پشکی عێراق بۆ مانگەکانی شوبات و ئاداری ئەمساڵ بە دیاریکراوی لە (4 ملیۆن و 273 هەزار) بەرمیل لە رۆژێکدا دەمێنێتەوە.
هاوپەیمانییەکە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ وەزری زستان و خواستی پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ گەڕاندەوە.
هەشت وڵاتەکە جەختیان کردەوە کە پابەندن بەوەی بەرهەمهێنانی ئەو 2.2 ملیۆن بەرمیلەی کە بەشێوەی خۆبەخشانە کەمیان کردبووەوە، لە داهاتوودا بەشێوەی قۆناخ بە قۆناخ و بەپێی دۆخی بازاڕ بیگەڕێننەوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەست بە بەرهەمهێنان دەکەن لە کێڵگە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا، بەڵام ئۆپێک پڵەس سیاسەتی "وریایانە"ـی هەڵبژاردووە.
پشکی بەرهەمهێنانی رۆژانە بۆ مانگەکانی شوبات و ئادار بەم شێوەیە دەبێت:
سعودیە: 10.1 ملیۆن بەرمیل
رووسیا: 9.5 ملیۆن بەرمیل
عێراق: 4.273 ملیۆن بەرمیل
ئیمارات: 3.4 ملیۆن بەرمیل
کوێت: 2.58 ملیۆن بەرمیل
بڕیارە رۆژی 1ـی شوباتی 2026 کۆبوونەوەی داهاتوو بۆ چاودێریکردنی بازاڕ بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ