حکومەتی عێراق: لە هێرشەکەی ئەمریکادا 16 کەس کوژراون و 25یش بریندارن

03-02-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە هێرشەکانی ئەمریکا بە هاوئاهەنگی ئەوان کرابن و دەشڵێت، لەو هێرشانەدا 16 کەس کوژراون کە لەنێویاندا خەڵکی سڤیل هەن. هەروەها 25 کەسیش بریندارن، جگە لەوە زیانێکی زۆریش بە خانوو و کەلوپەلی هاووڵاتیان کەوتوون.
 
رۆژی شەممە 3ی شوباتی 2024، د.باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی هێزەکانی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئیدارەی ئەمریکا هێرشێکی نوێی کردە سەر سەروەریی عێراق، هێزە ئەمنییەکانمان لە ناوچەکانی عەکاشات، قائیم و ناوچەکانی سڤیلی دەرووبەریان بۆردوومان کران، چەند فڕۆکەیەکی ئەمریکی بۆردوومانەکەیان کردووە".
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە ئەمە "هێرشێکی زەقە" بەهۆیەوە 16 کوژراو و 25 برینداری لێکەوتەوە، لەنێویاندا خەڵکی سڤیل هەن، هەروەها زیان بە باڵەخانەی نیشتەجێبوون و موڵک و ماڵی هاووڵاتیان کەوتووە.
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە لەبارەی هێرشەکە ئاگادارکردنەوە و هاوئاهەنگیان لەگەڵ ئەمریکا هەبووبێت و دەڵێت، ئەمریکا راستییەکان دەشێوێنێت، کە رایگەیاندووە هاوئاهەنگی پێشوەخت کراوە بۆ ئەو هێرشە.
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی، "ئەوە بانگەشەیەکی درۆیە و شێواندنی راستییەکانە بۆ گومڕاکردنی رای گشتی نێودەوڵەتی، هەروەها خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی یاسایی لەو تاوانە، کە هەموو نەریت و رێسا نێودەوڵەتییەکان رەتیدەکەنەوە." هەروەها دەشڵێت، ئەم پەلامارە دووژمنکارانە، ئاسایش لە عێراق و ناوچەکە دەخاتە لێواری هەرەسهێنان و پێچەوانەی هەوڵەکانی فەراهەمکردنی ئاسایشە.
 
باسم عەوادی جەخت لەوە دەکاتەوە، "جارێکی دیکە عێراق رەتیدەکاتەوە، خاکەکەی ببێتە پاکتاوی حیساباتەکان، لەسەر هەموو لایەنەکانیش پێویستە دەرک بەمە بکەن، خاکی وڵاتەکەمان و سەروەرییەکەی شوێنی گەیاندنی پەیام و نمایشکردنی هێزی نێوان دژبەرەکان نییە". 
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق هێرشێکی تووند دەکاتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و دەڵێت، "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو ئەرکە دەرچووە کە پێی سپێردراوە، بووەتە هۆکارێکی هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و پاساوێک بۆ ئەوەی عێراق بچێتە نێو ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی".
 
لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەوی هەینی، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران.
 
ئەمریکا دەڵێت، ئەوە تەنیا "سەرەتایە" و زنجیرەیەک هێرشی دیکەش بەڕێوەن لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن.
 
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا- سێنتکۆم رایگەیاند، 85 ئامانجیان لەنێو عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە کە لە لایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی، "بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی" بەکارهێنراون. 
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی تەلەفۆنیدا کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن ئامادەی بوو، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەو 85 ئامانجە، کەوتوونەتە حەوت شوێن، چواریان لە سووریا و سیانیان لە عێراقن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گواستنەوەی چەکدارانی داعش بە یاوەری سەربازانی ئەمریکا. وێنەکە AFP

رووداو لیستی ئەو چەکدارانەی داعش بڵاودەکاتەوە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە

تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقەوە ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعشی دەستکەوتووە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە و ئێستا لە زیندانی کەرخ لە بەغدا دەستبەسەرن. چەکدارەکان هەڵگری وڵاتینامەی چەندین وڵاتن.