رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵاکەی مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراقی لەبارەی ناردنی 618 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نیسانی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵای مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و هەردوو سکاڵاکەی رەتکردەوە.
سکاڵای یەکەمی لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمار کردبوو، داوای لە دادگەکە کردبوو بڕیاری ژمارە24037ی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 14ی کانوونی دووەمی 2024 دەرچووە بە نادروست دابنێت، کە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 13ی 2023ی بودجەی گشتیی فیدراڵی دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 618 ملیار و 587 ملیۆن و 29 هەزار و 346 دینار بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2024 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
مستەفا سەند پێی وابوو، ئەو بڕیارە پێچەوانەی دەقی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵییە، بەڵام دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکردەوە و دەڵێت، سکاڵاکار لە رووی یاساییەوە مافی تۆمارکردنی سکاڵای لەسەر ئەم بابەتە نییە.
سکاڵاکەی دیکە مستەفا سەنەد لەسەر تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بوو، داوای کردبوو وەزیری دارایی پابەند بکرێت کە بە شێوەیەکی دروست یاسای ژمارە 13ی 2023ی بودجەی گشتیی فیدراڵی جێبەجێ بکات.
دابەشنەکردنی داهاتی نەوت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە سەرپێچیی دەستووری و یاساییە، وەکو ئەوەی لە مادەی 112ی دەستووری عێراق هاتووە. بە هەمان شێوە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکردەوە و دەڵێت، سکاڵاکار لەڕووی یاساییەوە مافی تۆمارکردنی سکاڵای لەسەر ئەم بابەتە نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ