رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەک وەڵامێک بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبارەی هۆشدارى لە مەترسییە ئەمنییە چاوەڕوانکراوەکان، رایگەیاند، عێراق پابەندە بە پارێزگاریکردن لەوەی لە دەرەوەی بازنەی ئەو ململانێیەی لە ناوچەکەدا هەیە بمێنێتەوە.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا ئەمشەو پێنجشەممە بڵاویکردەوە، دەڵێت: "عێراق لایەنێک نییە لە ململانێکە و ناشیەوێت ببێتە بەشێک لێی، ئەگەرچی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەریی پێشهاتە ئەمنیی و ئابووری و سیاسییەکانی ئەو ململانێیەی لەسەر بووە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە بەرچاوگرتنی مەترسیداریی قۆناخەکە، حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەندێک کەس و لایەن هەن دەیانەوێت بەپێچەوانەی تێڕوانینی دەوڵەت رێکاری تاکلایەنە بگرنەبەر و پێگە و پۆستەکانیان بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی کارێک کە نوێنەرایەتیی سیاسەتی فەرمی ناکات، ئەو هەڵسوکەوتە تاکڕەوانەی لەلایەن چەند گرووپێکی دیاریکراوەوە هەن، کردەوەی دەرەوەی یاسان و بە هیچ شێوەیەک ئاماژە نین بۆ بوونی رۆڵی حکومەت و دامەزراوەکانی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، باڵیوزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە هۆشدارییەکدا ئاماژەی بەوە داوە کە گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران ئەگەر هەیە لە 24 بۆ 48 کاژێری داهاتوودا لە بەغدا هێرش بکەن، حکومەتی عێراقیشی تۆمەتبار کردووە بەوەی نەیتوانیوە رێگری لەو هێرشانە بکات کە لە ناو خاکەکەیدا ئەنجام دەدرێن.
باڵوێزخانەکە هێرشەکانی بە "تیرۆریستی" ناوی بردوون و دەڵێت: "ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی هاوپەیمانی ئێرانن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەیوەندییان بە حکومەتی عێراقەوە هەیە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن کەسەکانەوە لە هەموو وڵاتانی جیهان، مانای ئەوە نییە حوکمی گشتیی بەسەردا بدرێت یان بخرێتە ئەستۆی حکومەتی ئەو وڵاتە و دامەزراوەکانی.
هۆشدارییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانیەتی لە عێراق، بۆ ئاگاداربوونە لەو هێرشانەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیکەنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ