فرانسیس گای: بەهۆی یاسای جەعفەرییەوە مافی ژنان لە عێراق پاشەکشە دەکات

03-05-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
فرانسیس گای، سەرۆکی رێکخراوی هاوکاری و رۆژنامەڤانی AHJ
فرانسیس گای، سەرۆکی رێکخراوی هاوکاری و رۆژنامەڤانی AHJ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رێکخراوی هاوکاری و رۆژنامەڤانی AHJ رایگەیاند، ژنانی رۆژنامەڤان دەتوانن لە هەرێمی کوردستان ئازادانە کار بکەن، بەڵام ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژنان لە عێراق زۆرن و بەهۆی یاسای جەعفەرییەوە مافەکانی ژنان لە عێراق پاشەکشە دەکەن. دەشڵێت، ژیریی دەستکرد کاری ژنانی رۆژنامەڤان قورستر دەکات.
 
فرانسیس گای، سەرۆکی رێکخراوی هاوکاری و رۆژنامەڤانی AHJ لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باسی لە کۆنفرانسی "دەنگی ژنانی بێ سنوور" لە هەولێر کرد و گوتی، "خۆشحاڵین کە لە هەرێمی کوردستان ئەم کۆنفرانسە ئەنجام دەدەین، شوێنێکە ژنانی رۆژنامەڤان دەتوانن ئازادانە کار بکەن. شانازی دەکەین لە رۆژی ئازادیی رۆژنامەڤانی لێرە بین، تاوەکو کۆڕبەندێک بۆ ژنانی رۆژنامەڤان بکەین."
 
رۆژانی 3 و 4ی ئایاری 2025 بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو کۆنفرانسی "دەنگی ژنانی بێ سنوور" لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، کە لە کۆنفرانسەکەدا ژنانی رۆژنامەڤان لە یەمەن، عێراق، سووریا، فەلەستین و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی جیهانەوە بەشدارن، بڕیارە باس لە کاری رۆژنامەڤانانی ژن و ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان بکات.
 
فرانسیس گای باس لە رۆڵی ژنان لە رۆژنامەڤانی دەکات و دەڵێت، "لە رۆژی ئازادیی رۆژنامەڤانیی جیهانیدا، دەبێت رۆڵی رۆژنامەڤانان و ئازادییان بەرز بنرخێندرێت، لە کۆنفرانسی ئەم ساڵدا ژنان کە لە سەرانسەری جیهان کار دەکەن، لە یەمەن، عێراق، سووریا، فەلەستین و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی جیهانەوە هەموو کۆدەبنەوە و سەرنجمان لەسەر رۆڵی ژنانە لە ناوچەکانی شەڕ و ململانێدا."
 
لە کۆنفرانسی "دەنگی ژنانی بێ سنوور" کە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 60 رۆژنامەڤانی ژن، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و نوێنەری دامەزراوەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باکووری ئەفریقا و ئەورووپا بە مەبەستی گرنگیدان بە ئازادیی رۆژنامەڤانی کۆدەبنەوە.
 
سەرۆکی رێکخراوی AHJ باس لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژنانی رۆژنامەڤان لە جیهاندا دەکات، کە داوا دەکات ژنان لە هەرێمی کوردستان بوێرانە و ئازادانە کار بکەن و دەڵێت، "کاری رۆژنامەڤانی لە هەموو جیهان رووبەڕووی ئالنگاری دەبێتەوە و سۆشیاڵ میدیا گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر ژنانی رۆژنامەڤان و هەراسانکردنی زۆری تێدایە، بە دیاریکراوی دژ بە ژنانی رۆژنامەڤان، دەزانین و بەداخەوە لە ناوچەکانی قەیران و شەڕ ژنان دەکوژرێن و رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە، کارەکانی کە ئەنجامی دەدەن پڕە لە ریسک، بەڵام ئێمە هیوادارین کە ژنانی رۆژنامەڤان لە هەرێمی کوردستان بوێرانە و ئازادانە کار بکەن."
 
بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستانەوە، فرانسیس گای رەخنە لە دۆخی عێراق دەگرێت، کە مافەکانی ژن لە پاشەکشەدایە و گوتی، "مافەکانی ژن وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێن و بێهیوایی دەبینم، یاسایەک تێپەڕێندرا کە یاسای (جەعفەرییە) لە عێراق، کە وا دەکات مافی ژنان پاشەکشە بکات، ئەم گوشارانە وا دەکات کە رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە قورستر ببێت."
 
یاسای جەعفەری لە عێراق دوای پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە 17ی شوباتی 2025 چووە واری جێبەجێکردنەوە. بەپێی یاساکە، دەتواندرێت کچان لە 9 ساڵیدا بە شوو بدرێن و پیاوانیش بەبێ رەزامەندیی هاوژینەکانیان ژنی دووەم بهێنن، یاساکە رووبەڕووی رەخنەی تووندی رێکخراوەکانی ئافرەتان و کۆمەڵگەی سڤیل بووەوە.
 
لەبارەی دۆخی سووریاوە دوای نەمانی بەشار ئەسەد، فرانسیس گای ئاماژە بە هیوایەک دەکات کە دروستبووە، بەڵام باس لە بەربەستەکانی بەردەم ژنانی رۆژنامەڤان لە سووریا دەکات و دەڵێت، "پێموایە ئەوەی ئێستا دەبینین بۆشاییەک هەیە دوای 50 ساڵ لە دەسەڵاتی ئەسەد، کە رۆژنامەڤانی سنووردار کرابوو و گوشارێکی زۆری لەسەر بوو، بەڵام ئێستا دەرفەتێک هەیە بۆ کارکردن، هەرچەندە بارودۆخەکە ناسەقامگیرە و رەنگە گەرەنتیی تێدا نەبێت بتوانی ئازادانە کارەکانت بکەیت، بۆیە پێویستە ئاراستەیەک بدۆزرێتەوە تاوەکو ئازادیی رۆژنامەڤانی رێکبخرێت."
 
یەکێک لەو پرسانەی لە کۆڕبەندی "دەنگی ژنانی بێ سنوور" لە هەولێر گفتوگۆ لەبارەیەوە دەکرێت، پرسی کاریگەریی ژیریی دەستکردە لەسەر ژنان، لەو بارەیەوە سەرۆکی رێکخراوی AHJ ئاماژە بەوە دەکات، ژیریی دەستکرد کاری ژنان و بەتایبەت ژنانی رۆژنامەڤان قورستر دەکات و دەڵێت، "بە دیاریکراوی بۆ میدیا بابەتەکە قورسە، چونکە وا دەکات هەراسانکردنی ژنان لە جیهانی رۆژنامەڤانی قورستر ببێت، لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە دەتوانرێت گوتاری رق و کینە بە چەندین شێواز بڵاوبکرێتەوە، دەکرێت پەیامی نەرێنیی زیاتر لە ژیریی دەستکردەوە بڵاوبکرێنەوە، راستە ئێمە هێشتا بە تەواوی نەچووینەتە نێو قوڵایی ژیریی دەستکردەوە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژیریی دەستکرد رۆڵی رۆژنامەڤانیش قورستر دەبێت، بە دیاریکراوی ژن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە