چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا: پەنا بۆ دەستوور و یاسا ببرێت

03-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى پێشهاتەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى، داوایکرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو پرسە نیشتمانییەکان پشت بە دەستوور و یاسا ببەسترێت و رایگەیاند: پەرۆشى هەوڵى جیدین بۆ لابردنى سەرجەم بەربەستەکان.      
ئەو هاوپەیمانێتییە لە راگەیێندراوێکدا کە بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکردەوە، هەڵوێستى خۆى لەبارەى کێشەى نەناردنى مووچەى مانگى ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
  
لە راگەیێندراوەکەدا لەبارەى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا دەڵێت: "حکومەتى فیدراڵى پەرۆشە بۆ مافى سەرجەم هاووڵاتییان و هەوڵدانى جیدى بۆ لابردنى سەرجەم بەربەستەکان."       
 
ئەو هاوپەیمانێتییە کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان لەخۆ دەگرێت، شەوى 2ى حوزەیران لە نووسینگەى عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە لە بەغدا کۆبووەوە. 
 
چوارچێوەى هاوئاهەنگى جەختى لە گرنگى دەرکردنى یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان کردەوە و بە کڕۆکى چارەسەرى پرسە هەڵپەسێراوەکانى نێوان بەغدا و هەولێر ناوى بردووە.
 
29ى ئایارى 2025، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە نووسراوێکى فەرمیدا بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئاماژەى بەوەداوە کە تەرخانى دارایی هەرێمى کوردستان نەماوە و  ناتوانن چی دیکە پارەى مووچە بنێرێت.
 
بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە زۆرینەى پێکهێنەرى حکومەتن تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، جەختى لەوە کردەوە کە هەڵبژاردن لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا بکرێت و هۆشداریدا لە "بەکارهێنانى پارەى سیاسى بۆ دروستکردنى کاریگەرى لەسەر راى گشتى."
    
11ـی تشرینى دووەمى 2025 هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمانی عێراق دەکرێت؛ دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە