رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق رایدەگەیێنێت، سەرجەم دەروازەکانی سنووریی وشکانی و ئاسمانیی عێراق بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن ئامادەن و لەسەر سنوورەکان رێکاری ئەمنیی تووند گیراوەتەبەر، ئامۆژگاریی زیارەتکارانیش دەکات بەهۆی گەرماوە بە شەو گەشت بۆ عێراق بکەن.
محەممەد کازم سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق ئێوارەی دوێنێ بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، چوار دەروازەی سنووریی مێهران، خەسرەوی، مونزریە و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەکانی عێراق، هەموویان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران، دەسەڵاتدارانی ئەمنیی عێراق و ئێران هەوڵی هاوبەش دەدەن بۆ پاراستنی ئاسایشی گەشتەکە.
باڵیۆزی ئێران داوای لە زیارەتکاران کرد، خۆیان لە هاتووچۆکردن لە کاتەکانی رۆژدا بەدووربگرن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە خۆربردن و لە رێگەی رێکخستنی گەشتەکانیانەوە بەشداربن لە کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و هەل بۆ کەسانی دیکە بڕەخسێنن.
هاوکات بە گوتەی محەممەد شەفیعی، قایمقامی قەسری شیرین، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا زیاتر لە 50 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی خوسرەوییەوە پەڕیونەتەوە. پێشبینی کرد لە کاتی لووتکەی زیارەتەکەدا ژمارەکە بگاتە دوو ملیۆن زیارەتکار.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە ماوەی چلەدا، بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایی هاتووچۆ لەو رێگایانەی زیارەتکاران بە چڕی بەکاریدەهێنن، هاتووچۆی بارهەڵگریان لە پارێزگای ئیلام قەدەخە کردووە.
رێوڕەسمی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ی مانگی سەفەر/کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. سەتان هەزار لە پەیڕەوانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەم دەگێڕن.
ئیمام حوسێن لە ساڵى 680ـی زاینى کە دەکاتە 61ى کۆچى، لەگەڵ بەشێک لە یاوەرانى لە کەربەلا کوژرا و هەر لەوێش بەخاکسپێردرا. ئەو رووداوە بە شەڕى کەربەلا یان "رووداوى تەف" ناسراوە کە ماوەى سێ رۆژى خایاندووە، کاتێک ئیمام حوسێن و یاوەرانى لەگەڵ سوپاى سەر بە یەزیدى کوڕى مەعاویە جەنگاون کە ئەوکات "خەلیفەى" دەوڵەتى ئومەوى بووە.
پیادەڕۆیی، سەرەکیترین سرووتەکانى مەراسیمى چلەى ئیمام حوسێنە. لەپارێزگارى بەسرەوە کە نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە کەربەلاوە دوورە، بەر لە 20 رۆژ بەڕێکەوتنى زیارەتکاران بۆ کەربەلا دەستپێدەکات.
لە کۆمارى ئیسلامیی ئێرانیش زیارەتکاران بەر لە مانگێک لە چلەى ئیمام حوسێن دەکەونە رێ. ئەو زیارەتکارانەى دیکەش کە بە رێگەى فڕۆکە دەگەنە عێراق، لە شارى نەجەفەوە بۆ ماوەى دوو رۆژ بە پێ بۆ کەربەلا دەڕۆن کە نزیکەى 80 کیلۆمەتر دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ