پەرلەمانتارێکی پارتی: رێککەوتن کراوە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی نەخرێتە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان

03-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، بەڵام هێشتا چارەنووسی بەستنی دانیشتنەکە بەهۆی رێژەی یاساییەوە نادیارە. پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، رێککەوتن کراوە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە کارنامەی دانیشتنەکەدا نەبێت، هاوکات فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن نیشان دەدەن.
 
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، سێی ئابی 2025، کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دانیشتنی دوێنێ بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە دواخرا.
 
لەمبارەیەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لایەنە سیاسییەکان رێککەوتوون کە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی نەخرێتە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق."
 
دووبەردانی ئاماژەی بەوەشکرد کە فراکسیۆنی پارتی بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات و گوتی، "لە بەرنامەی کاردا ژمارەیەک پرۆژەیاسا هەن، کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، وەک دەنگدان لەسەر  یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی."
 
کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ هەمان کارنامەی دانیشتنەکەی دوێنێ بوو، کە بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو، نەکرا.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر هیچ پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو روونەدات، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەکەن."
بەڵام چرۆ حەمەشەریف جەختی لەوەش کردەوە "تائێستا دیار نییە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو دەبێت، یان نا."
 
هەروەها دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، ئەوانیش وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو "ئەگەر هیچ پێشهاتێک دروست نەبێت و بەرنامەی کار بەم شێوەیە بێت، بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەین."
 
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر کۆبوونەوەکە نەکرێت، کاری پەرلەمان بۆ ماوەیەکی درێژ پەکی دەکەوێت و دەڵێت: "ئەگەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان نەکرێت، زەحمەتە پەرلەمان تاوەکو دوای چلەی ئیمام حوسێن کۆببێتەوە."
 
کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق:
 
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکە، بڕیارە دەنگ لەسەر چەندین پرۆژەیاسا بدرێت و خوێندنەوەش بۆ هەندێکی دیکە بکرێت، کە ئەمانەن:
 
یەکەم: دەنگدان لەسەر یاسای پێشنیازکراوی هەموارکردنەوەی هەمواری دووەمی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی.
 
دووەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتننامەی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنان لە نێوان عێراق و سعودیە.
 
سێیەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای هاوتاکردنی بڕوانامە باڵاکان.
 
چوارەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە.
 
پێنجەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوە و خۆپێشاندانی ئاشتییانە.
 
شەشەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای زانکۆی عێراق بۆ زانستە ئەمنییەکان.
 
حەوتەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بەرگریی شارستانی.
 
هەشتەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنی مافی قوربانییانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و سەنتەری ئەلنەقا و رووداوی حەمدانییە.
 
نۆیەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە