رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ شەممە بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەنەچوو، ئەمڕۆ پەرلەمان بە هەمان خشتەی کار کۆبووەوە، بەڵام دانیشتنەکە هەڵگیرا و دەنگ لەسەر هیچ بڕگەیەک نەدرا.
یەکەم پێشنیازەیاسا کە بڕیاربوو دەنگی لەسەر بدرێت، پێشنیازەیاسای دامەزراوەی زیندانییانی سیاسی بوو، بەڵام هەر لەگەڵ خوێندنەوەی یەکەم مادە، گرژی دروستبوو.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دانیشتنەکەدا رێژەی یاسایی تەواو بوو، بەڵام یەکەم مادە لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە پێشکێش کرا کە تایبەت بوو بە پڕۆژەیاسای زیندانییانی سیاسی. کاتێک ناوی هەڵەبجە و شەهیدان لە بڕگەکەدا خوێندرایەوە ئاڵۆزی دروست بوو و پەرلەمانتارەکانی دیکە ناڕەزایەتییان دەربڕی".
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "هەربۆیە پەرلەمانتارە کوردستانییەکان چوونە دەرەوە، رێژەی یاسایی نەما و دانیشتنەکە هەڵگیرا و دەنگ لەسەر هیچ بڕگەیەک نەدرا".
هاوکات شوان کەلاری، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان کە جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسییە لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت: "ماوەیەکی زۆرە هەوڵ بۆ هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدانی عێراق دەدەین کە یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2006ـە. خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە. وەک لیژنەی شەهیدان نزیکەی مانگێکە هەوڵ دەدەین سەرجەم زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی عێراق، هەموو مافە پێشینەکانیان وەک مووچە و پێدانی زەوی هەبێت".
شوان کەلاری گوتی: "بڕگەی یەکەمی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان پەیوەست بوو بەم هەموارەوە. لەو بڕگەیەدا باسی قوربانییانی هەڵەبجە و ئەنفال کرا، بۆیە کۆمەڵێک پەرلەمانتار دەنگیان بەرزکردەوە و ئاڵۆزییان دروست کرد".
شوان کەلاری رایگەیاند: "داوامان لە سەرۆکی پەرلەمان کرد بەردەوام بین و بتوانین گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەین، چونکە ئەم بابەتە بە رێککەوتن هاتووە، بەڵام رازی نەبوون، هەربۆیە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان چوونە دەرەوە و رێژەی یاسایی تێکچوو و دانیشتنەکە هەڵگیرا".
د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە هاوکات ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقە، بە رووداوی گوت: "وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان نەدەبوو رێگە بدەین پێشنیازەکە هێندە فراوان بکرێ، چونکە ئەگەر رەتبکرێتەوە زەرەرمەندی یەکەم خۆمان دەبین. پێویستە لە داهاتوودا پێش ئەوەی جارێکی دیکە بخرێتە بەرنامەی کارەوە، هەوڵ بدەین رێکی بخەین و دواتر ئامادەی بکەین بۆ خستنە نێو بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە".
لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانتاران بۆ رەتکردنەوەی پێشنیازەکە، د. موسەننا ئەمین گوتی: "بیانوویان ئەوەیە کە بازنەکەی زۆر فراوان کراوە و چەند چینێک خراونەتە نێویەوە کە شایستە نین و ئەوەش بارگرانی لەسەر حکومەت دروست دەکات".
خشتەی کارەکانی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە بوو:
یەکەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی هەمواری دووەمی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی ژمارە 4ی ساڵی 2015.
دووەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی رێککەوتننامەی هاندان و پاراستنی دوولایەنە بۆ وەبەرهێنان لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و سعودیە.
سێیەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای یەکەمی بناخەکانی هاوتاکردنی بڕوانامە باڵاکان و بڕوانامەی ئەکادیمیی عەرەبی و بیانی ژمارە (20)ی ساڵی 2020.
چوارەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە.
پێنجەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوە و خۆپێشاندانی ئاشتییانە.
شەشەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای زانکۆی عێراق بۆ زانستە ئەمنییەکان.
حەوتەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بەرگریی شارستانی ژمارە 44ی ساڵی 2013.
هەشتەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنی مافی قوربانییانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و قوربانییانی سەنتەری ئەلنەقا و قوربانییانی رووداوی حەمدانییە.
نۆیەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ