رووداو دیجیتاڵ
27ـی ئابى 2023، لە ناو دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە بەغدا پرسێک بەبێ دەنگى یەکلاکرایەوە کە رەنگە یەکێک بێت لە دۆسیە هەرە هەستیارەکانى ئەم ساڵ، ئەویش یەکلاکردنەوەى قەدەخەکردنى خواردنەوە کحولییەکان بوو.
دادگەى فیدراڵى بە تەواوى دەرگەی لەبەردەم هاردەکردنى خواردنەوە کحولییەکان داخست بە رەتکردنەوەى سەرجەم سکاڵاکانى دژ بە قەدەخەکردنى، ئەگەرچى ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 223 هەزار لیتر خواردنەوەى کحولى هاوردەکراوە، بەڵام هێشتا لەنێوخۆ ئەو خواردنەوەیە مامەڵەی پێدەکرێت، فرۆشیارانى ناچارن بە رێگەى قاچاخ خواردنەوە کحولییەکانیان دەست بکەوێت کە بەگرانتر لە پێشوو دەیدەنە کڕیارانیان.
ئەبو ویسام، کریستیانێکى فرۆشیارى خواردنەوە کحولییەکانە لە بەغدا، نیگەرانە لە کارابوونى یاسای داهاتى شارەوانییەکان کە یەکێک لە مادەکانى هەموو جۆرە مامەڵەکردنێک بە خواردنەوە کحولییەکانەوە قەدەخە دەکات. ئەبو ویسام پێی گوتم، "هاردەکردنى خواردنەوە کحولییەکان راگیراوە، ناچار بە گرانگتر و بە رێگەى قاچاخ دەیکڕین، کە لە هەرێمى کوردستانەوە دێتە سنوورى دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵیی عێراق."
لە یەک دانیشتندا دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیارى لەسەر 13 سکاڵادا کە کردبوونیە یەک پاکێج لە دژى دوو بڕگەى یاسایەک بۆ قەدەخەکردنى بەکارهێنان، دروستکردن و بازرگانیکردن بە خواردنەوە کحولییەکان. سەرجەم سکاڵاکانى لەدژى ئەو دوو مادەیە رەتکردەوە، بەو پێیەش قەدەخەکردنەکە وەک خۆى دەڕوات و پاساوى دادگە تەنیا ئەوە بوو کە ئەو دوو بڕگەیە دژ بە دەستوور نین.
کێشەکە لە یاسای داهاتى شارەوانییەکانە کە حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵى 2016 لە پەرلەمانى عێراق پەسندکرا و نێردرا بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، بەڵام بە نووسراوى سەرۆکایەتیی کۆمار لە 20ـی شوباتى 2023 لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە بۆ ئەوەى بە فەرمى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بڕگەى یەکى مادەى 14ـی یاساکە دەڵێت، هاوردەکردن و دروستکردن و فرۆشتنى خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە قەدەخەیە و لە بڕگەى دووەمى هەمان مادەدا هاتووە کە ئەوەى پابەند نەبێت، سزاکەى پێبژاردنە کە بەگوێرەى قەبارەى پابەند نەبوونەکە دەبێت کەسی سەرپێچیکار لەنێوان 10 ملیۆن بۆ 25 ملیۆن دینار بدات.
جۆزێف سڵێوە، جێگرى سکرتێرى پارتى بێت نەهرەینى کریستیان کە یەکێک بوو لە سکاڵاکاران لە دادگەى باڵاى فیدراڵى لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراقدا گوتی، "ترسمان هەیە ئەو رەتکردنەوەیە پێشهاتی دیکەى بەدوادابێت، زیانەکەى تەنیا بۆ کریستیانەکان نییە، بەڵکو بۆ پێکهاتەکانى دیکەشە، چونکە زۆرینەى کڕیارانى خواردنەوە کحولییەکان موسڵمانانن."
جۆزێف سڵێوە رایگەیاند، باڵیۆزخانەى وڵاتانى بیانییان لەو هەنگاوە ئاگادارکردووەتەوە و پێى نیگەران بوون، بەڵام پێیان گوتوون کە نایانەوێت دەست لە بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى وەربدەن.
لە ساڵى 1931 یاسایەک لە عێراق دەرکراوە بە ناوى یاساى خواردنەوە کحولییەکان کە سێیەم یاسایە لەو ساڵەدا دەرکرابێت، دەڵێت، ئەو کەسەى خواردنەوە کحولییەکان بخواتەوە، سزاى بەندکردنە کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، ئەوە جگە لە پێبژاردن بە بڕى 10 هەزار روپیە کە دراوى کارپێکراوى ئەو کاتەى عێراق بووە، بەڵام ئەو یاسایە وەک خۆى کارى پێنەکرا.
لە 7ـی ئادارى ساڵى 2022 واتە ساڵێک و پێنج مانگ لەمەوبەر، دادگەى فیدراڵی لەسەر سکاڵایەک بڕیاریداوە کە لە دژى ئەو یاسایەى ساڵى 1931 تۆمارکراوە، بڕیارى دادگە دەڵێت؛ یاسادانەرانى عێراق بەهیچ شێوەیەک مامەڵەکردنیان بە خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە نەکردووە، بەڵام دەوڵەت مافى خۆیەتى ئەو پرسە رێکبخاتەوە.
ساڵى 2021، بە بڕیاری عەلى عەلاوى، وەزیرى پێشووى دارایی و سەرۆکى ئەو کاتەى ئەنجوومەنى وەزاریی ئابوورى، رسوماتی مۆڵەتى کردنەوەى کۆگا و دووکانى فرۆشتنى تاک و کۆی خواردنەوە کحولییەکانى زیادکردووە، مۆڵەتى دووکانى کۆفرۆشیی خواردنەوە کحولییەکان لە پێنج ملیۆنەوە کرا بە 25 ملیۆن دینار، پارەى مۆڵەتى فرۆشیارى تاکى خواردنەوە کحولییەکانیش لە دوو ملیۆنەوە کرایە 10 ملیۆن دینار.
سەرەتاى ئەو کێشەیە، 22ـى تشرینى یەکەمى 2016 بوو کاتێک پەرلەمانى عێراق بە ئامادەبوونى 226 پەرلەمانتار لە کۆى 328 ئەندامەکەى، دەنگی لەسەر یاسای داهاتی شارەوانییەکان دا و بە دەنگى زۆرینە پەسند کرا، 102 پەرلەمانتاریش ئامادە نەبوون کە زۆرینەیان لە سوننەکان بوون.
یەکێ لە پەرلەمانتارانى عێراق لەو خولەدا کە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە ئاماژەى بەوەدا، کاتێک یاساکە هاتە لیژنەى دارایی بڕگەیەکى تێدا بوو باسى لەوە دەکرد باج و رسومات لەسەر مامەڵەکردن بە خواردنەوە کحولییەکان چەندە، پەرلەمانتارە شیعەکان گوتیان نابێت ئەم بڕگەیە هەبێت، دەبێت بەتەواوى قەدەخەبکرێت نەک باس لە باجەکەى بکەین کە ئەگەر ئەوەمان کرد دەبێتە ئەمری واقیع و دیاردەیەکی ئاسایی، بۆیە ئەو دوو بڕگەیەیان بۆ مادەکە زیادکرد بۆ قەدەخەکردنى.
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى 14ـی شوباتى 2023 بڕیارێکى دەرکردووە کە دەبێت گومرگى سەر خواردنەوە کحولییەکان بکرێتە 200% لەپاش ئەوەى پێشتر کرابووە 100%، شەش رۆژ دواتر یاساى داهاتى شارەوانییەکان بڵاوکرایەوە کە لە بنەڕەتدا هاوردەکردنى خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە دەکات، دواتریش دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بڕیاریدا کە هاودەکردنى ئەو خواردنەوانە قەدەخەیە.
بەپێى ئامارێکى دەزگاى ناوەندى ئامارى عێراق بۆ ساڵى 2021 کە دوایین ئامارە لەسەر هاوردەکردن دەریان کردبێت، قەبارەى هاوردەکردنى ساڵانەى خواردنەوە کحولیەکانى تێدا باسکراوە.
ساڵانە 508 هەزار و 391 لیتر شەراب هاوردەکراوە کە بەهاکەى دوو ملیار و 274 ملیۆن و 935 هەزار دینار بووە، لە کوێوە؟ لە ئوردن، ئەمریکا، یەکێتیى ئەوروپا، رووسیا و تورکیاوە. لەو وڵاتانەوە یەک ملیۆن و 122 هەزار و 884 لیتر خواردنەوەى کحولى لە جۆری ویسکى هاوردەکراوە کە بەهاکەى پێنج ملیار و 56 ملیۆن و 508 هەزار دینار بووە. زۆرینەى ئەو بڕەش لە ئوردنەوە بووە. سەرجەم خواردنەوە کحولییەکانى دیکە 600 هەزار لیتر بوون بە بەهاى دوو ملیار و 970 ملیۆن و 193 هەزار دینار.
بە تێکڕا و بەنزیکەیی، عێراق ساڵانە دوو ملیۆن و 223 هەزار و 275 لیتر خواردنەوەى کحولى هاوردە دەکات، ئەوە جگە لە بەرهەمهێنانى ناخۆیی کارگەکان و کارگەى بچووک و بەرهەمهێنانى کەسی. بەهاى هاوردەکردنى ئەو خواردنەوە کحولییانە ساڵانە 10 ملیار و 301 ملیۆن و 363 هەزار دینارە.
لە بەغدا، لە ناوەندى دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵی ئەو یاسایە وەک خۆى جێبەجێنەکراوە. فرۆشیارانى خواردنەوە کحولییەکان دووکانیان دانەخستووە، بەڵام بڕیارى قەدەخەکردنەکە کڕیارى راستەوخۆى کەمکردووەتەوە و لە ترسی بینین یان لێپرسینەوە بە دیلیڤەرى داواى دەکەن. هاوکات نرخى خواردنەوە کحولییەکانیش بەرزبووەتەوە.
هیچ یاسایەکى دیاریکراو نییە لە هەرێمى کوردستان کە لە پەرلەمان دەرکرابێت و رێگر بێت لە بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتن، دروستکردن و بازرگانیکردن بە خواردنەوە کحولییەکانەوە.
وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانی کوردستان لە پۆدکاستى رووداوى عێراق دا گوتى، "یاسای داهاتى شارەوانییەکان دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیران یان 10 پەرلەمانتارەوە پێشنیاز بکرێت بۆ کاراکردنی، پاشان لە پەرلەمانى کوردستان دەنگى لەسەر بدرێت بۆ ئەوەى جێبەجێبکرێت."
وەعدى مزوورى ئاماژەی بەوەکرد، "هیچ یاسایەک لە هەرێمى کوردستان نییە کە مامەڵەکردن بە خواردنەوە کحولییەکانەوە قەدەخە بکات."
هەرچەندە دەستەی دەروازە سنوورییەکانى عێراق بڕیارى دەرکردووە کە خواردنەوە کحولییەکان لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردە نەکرێت، بەڵام ئەم بڕیارە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراوە کە پێویستى بە رەزامەندیی ئەنجوومەنى وەزیرانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ