مقاوەمەی ئیسلامى لەعێراق: هەفتەى داهاتوو هێرشەکانمان تووندتر و فراوانتر دەکەین

03-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

'مقاوەمەی ئیسلامى لە عێراق' هۆشدارى دەدات و دەڵێت لە هەفتەى داهاتووەوە هێرشەکانیان "تووندتر و فراوانتر" دەکەن، لە دژى بنکەى نەیارانیان لە ناوچەکە.
 
رۆژی 3ى تشرینى دووەمى 2023، 'مقاوەمەی ئیسلامى لە عێراق' لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بۆ پاڵپشتیکردن و سەرخستنى گەلى فەلەستینى و تۆڵەکردنەوە لە شەهیدان، هەفتەى داهاتوو قۆناخێکى نوێى رووبەرووبوونەوەى دوژمنانمان دەستپێدەکەین".
 
'مقاوەمەی ئیسلامی' لە ماوەى رابردوودا بەرپرسیارێتى خۆى لە چەند هێرشێک بۆ سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا راگەیاندووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا 'مقاوەمەی ئیسلامى لە عێراق' ئاماژەى بەوەداوە، ئەو قۆناخەى رووبەڕوونەوە، "تووندتر و فروانتر" دەبێت لە دژى بکەى نەیارانیان لە ناوچەکە.
 
'مقاوەمەی ئیسلامى لە عێراق' لەدواى هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ى تشرینى یەکەم خۆی راگەیاندووە، کە کۆکەرەوەى ژمارەیەک گرووپى چەکدارە لە عێراق و وڵاتانى ناوچەکە و خۆیان بەنەیارى ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانى دەناسێنن.
 
لە 17ى تشرینى یەکەمى 2023ـەوە، ئەو گرووپە بەرپرسیارێتى خۆى لە زیاتر لە 18 ھێرشی مووشەکی و درۆنی راگەیاندووە، کە لە عێراق و سووریا کراونەتە سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە