کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق: بانگەشەى هەڵبژاردن لە پەرستگە، شوێنەوار و قوتابخانەکان قەدەخەیە

03-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان هەڵواسینى پۆستەر لەسەر دیوارى پەرستگە، شوێنەوار و قوتابخانەکان قەدەخەیە، گوتەبێژى کۆمیسیۆنەکەش دەڵێت: "سزاى پێشێلکردنی رێنماییەکانی بانگەشە، دەگاتە 50 ملیۆن دینار پێبژاردن."
 
بەگوێرەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، نابێت پۆستەری بانگەشەی بەربژێرەکان بەدیوارى پەرستگاکان (مزگەوت، حوسەینیە و کەنیسە) هەڵبواسرێت، بە هەمانشێوە هەڵواسینی پۆستەر لەسەر دیواری شوێنەوار، قوتابخانە، پرد و شۆستەى نێوان شەقامەکان قەدەخەیە.
 
رۆژی 3ى تشرینى دووەمى 2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سەپێچیکارانى ئەو رێنماییە بەگوێرەى رێوشوێنەکانى شارەوانى لەپارێزگاکانى عێراق سزاى پێبژاردن دەدرێن."
 
بەشێک لە رێنماییەکانى دیکە رێگە نادەن هیچ پۆستەرێک بە مادەیەک بلکێندرێت بە دیوارەکانەوە کە لێنەکرێتەوە، ئەوە جگە لەوەى هەڵواسینى پۆستەر بە تابلۆکانى هاتووچۆ قەدەخەیە.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق  رایگەیاند، کۆمیسیۆن رێنمایی دیکەى هەیە لەبارەى پێشێلکردنی بانگەشەى هەڵبژاردن لە دڕاندنى پۆستەر و لێکردنەوەى تاوەکو پێشێلکارییەکانى دیکە، کە قورسترین سزاى دەگاتە 50 ملیۆن دینار پێ بژاردن
 
ئەوەى رێگەپێدراوە بەگوێرەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن بۆ بانگەشەى ھەڵبژاردن، هەڵواسینى پۆستەرە لەسەر پەڕۆ، دانانى بۆردى ئاسن یان تەختە کە لابردنیان ئاسانە یان بانگەشەکردن لە رێگەى فلێکسیەوە لەو شوێنانەى بۆى دیاریکراوە.
 
رۆژی یەکى تشرینى یەکەمى 2023 بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەستیپێکرد، کە 45 رۆژ دەخایێنێت.
 
بڕیارە لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
 
 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە