موقتەدا سەدر لەبارەی پشتگیریکردنی لیستێکی هەڵبژاردن: درۆی گەندەڵکارانە، بایکۆت بەردەوامە

03-11-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، هەڵوێستی لەبارەی دەنگۆی پشتگیریکردنی لە لیستێکی دیاریکراوی هەڵبژاردن راگەیاند و دەڵێت، "ئەمە خەیاڵپڵاوی و درۆیەکە کە گەندەڵکار و تێکدەر بڵاوی دەکەنەوە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025 نووسینگەی تایبەتیی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە؛ تێیدا سوپاسی ئەو هۆزانەی کردووە پشتگیرییان لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن کردووە، هەڵوێستەکەی بە "شەرەفمەندانە" وەسفکردووە.
 
هەروەها سوپاسی ئەو هۆزانەشی کردووە کە پشتگیرییان کردووە و گوتوویەتی، "خوا پاداشتیان بداتەوە، هەڵوێستێکی چاکسازییانەیە."
 
سەبارەت بە گردبوونەوەی سەرۆک هۆز و جووتیارانی هۆزەکان لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات، سەدر رایگەیاندووە، "بەتەنیا ئاویان لەدەست نەداوە، بەداخەوە هەموو شتێکیان لەدەستداوە." 
 
لەبارەی ئەو پەیجانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن سەدر پشتگیری لە لیستێکی دیاریکراو دەکات، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەمە خەیاڵپڵاوی و درۆیەکە کە گەندەڵکار و تێکدەر بڵاوی دەکەنەوە." هەروەها بابەتی کشانەوەی یەکێک لە بەربژێرەکانیشی بۆ نووسینگەی تایبەتیی خۆی جێهێشتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە