رووداو دیجیتاڵ
ئاڵا تاڵەبانی رایگەیاند، بووەتە راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پرسەکانی تایبەت بە ژنان.
رۆژی شەممە 3-12-2022، ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەکو راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژنان دیاریکرام."
ئاڵا تاڵەبانی گوتیشی: "ئەو پۆستە نوێیە و لە چەند رۆژی داهاتوو وردەکاریی کارەکەم رووندەکەمەوە."
ئاڵا تەحسین حەبیب تاڵەبانی، لە ساڵی 1966 لە سلێمانی لەدایکبووە. خاوەنی بڕوانامەی دیپلۆمە. پێشتر چوار خوول پەرلەمانتاری عێراق بووە. ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
رۆژی 02-11-2021 بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، ئاڵا تاڵەبانی، شادمان مەلا حەسەن و ژینۆ محەممەد، ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی لە ریزەکانی یەکێتی دوورخرانەوە.
دوای دوورخستنەوەی، ئاڵا تاڵەبانی لە 03-11-2021 روونکردنەوەیەکی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو: "دوو جار لە کەرکووک لەلایەن حیزبی بەعسەوه سزای سیاسی دراوم لەبەر بیر و بۆچوونی سیاسیم کە ئەندامی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان/کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بووم. هەرچۆن ئەو دوو سزایە چوونە دەفتەری سەروەرییەکانمانەوە ئێستاش ئەم سزایە هەر وەک ئەوانەی دیکە دەچێتە دەفتەری سەربەرزی و سەروەرییەکانمانەوە، چونکە هیچ کات ملکەچی ئيرادەی به زۆر خۆسەپاندن و زوڵم و ناعەدالەتی نابمەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ