رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان لە بارەگای سابت عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی لە بەغدا کۆبووەوە و پرسی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی کانوونی یەکەمی 2025 کرا و لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، گفتوگۆ لەبارەی پرسە دەستوورییەکانەوە کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە لە کاتە دیاریکراوەکانی خۆیاندا یەکلابکرێنەوە. هەروەها بڕیاردراوە رۆژی سێشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت بۆ گەیشتن بە "دیدگایەکی هاوبەش".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ ناوێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان نەکراوە و بڕیارە رۆژی سێشەممە لە ماڵی ئەبوو مازن جارێکی دیکە کۆببنەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی پابەندبوونی خۆی بە وادە دەستوورییەکانی تایبەت بە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتکردەوە کە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ رۆژی 29ی کانوونی یەکەمی 2025 دیاریکراوە. جەختی لە گرنگیی یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی کردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی بەردەوام بێت و دامەزراوە دەستوورییەکان تەواو بکرێن.
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان، لە پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم پێکدێت و زیاتر لە 70 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن.
رێککەوتنەکە وایە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەر یەکێک لە لایەنەکانی تەقەدووم و عەزم بکەوێت؛ ئەگەر هاوپەیمانیی تەقەدووم پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، پشکی لە وەزارەتەکانی حکومەتی داهاتوو یەک وەزارەت دەبێت و ئەگەر ئەو پۆستەی نەبێت دوو وەزارەت وەردەگرێت. ئەگەر سەرۆکی پەرلەمانیش بدرێتە هاوپەیمانیی عەزم، وەزارەتێکیش وەردەگرن بەبێ وەزارەتی سیادی کە بۆ تەقەدوم بەجێدەهێڵرێت.
سوننەکان داوای شەش وەزارەت لە حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەن کە بەسەر لایەنە براوەکاندا دابەش بکرێت، هەریەک لە هاوپەیمانیی سەروەری و حەسم وەزارەتێکیان پێدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ